بافڵ تاڵه‌بانی: مه‌سیحییه‌كان رۆڵی گرنگیان هه‌بووه‌ له‌ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵگا

بافڵ تاڵه‌بانی، ھاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ كاردیناڵ مارلویس ساكۆ كۆبووه‌وه‌.

له‌دیدارێكدا بافڵ تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵی مه‌سیحییه‌كان له‌ عێراق و ھه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ به‌درێژایی مێژوو رۆڵێكی گرنگیان بینیووه‌ له‌ بونیادنانی ئاشته‌وایی و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ژیان له‌ ناوچه‌كه‌.

ھاوسه‌رۆك روونیشیكرده‌وه‌ یه‌كێتی باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ پێكه‌وه‌ژیانی ھه‌موو نه‌ته‌وه‌، پێكھاته‌ و ئاین و ئاینزاكان ھه‌بووه‌ و پارێزگاریكردن له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌كۆڵه‌كه‌كانی دیموكراسی و گیانی پێكه‌وه‌یی له‌ھه‌رێم به‌ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین. داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختیش ده‌بین بۆ پاراستنی ماف و داخوازییه‌كانی مه‌سیحییه‌كانی ھه‌رێم و عێراق كه‌ پێكھاته‌یه‌كی ره‌سه‌ن و دانه‌بڕاوی ئه‌م گه‌له‌ن.

له‌به‌رامبه‌ردا كاردیناڵ مارلویس ساكۆ ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال كرد كه‌ له‌رابردوودا چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌ و لایه‌نه‌كان بووه‌ و زیندووكه‌ره‌وه‌ی گیانی ته‌بایی و یه‌كترقبوڵكردن بووه‌. راشیگه‌یاند ئومێدی ته‌واومان به‌ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت به‌ هه‌مان رۆحییه‌تی مام جه‌لال كاربكات و درێژه‌ به‌و رێبازه‌ بدات.


PUKmedia تایبه‌ت

21.jpg

22.jpg

10/6/2021 12:41:00