بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت

بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بە دروشمی دیالۆگی لابردنی ماسكەكان لە سلێمانی دەستیپێكرد و بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت.

بەیانی ئەمڕۆ 25-5-2021، لە هۆتێل رەمادا لە سلێمانی كارەكانی بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیرانی عەرەب و فارس و لێپرسراوانی حكومی و حزبی دەستیپێكر و بڕیارە ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبێت.

سەرەتای فێستیڤاڵەكە بەوەستانی ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، دواتر د.ئیبتیسام ئیسماعیل سەرۆكی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ وتاری بنكەكەی خوێندەوە و دواتر وتاری وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی و مەلا بەختیار  سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ و وتاری وەفدی روناكبیرانی عەرەب و روناكبیرانی ئێران پێشكەش كران. 

دواتر چەند پارچە شیعرێكی فارسی  لەلایەن خاتوو شوكا حوسەینی و چەند پارچە شیعرێكی عەرەبیش لەلایەن حەسەن عەبدولحەمید و شیعرە كوردییەكانیش لەلایەن ئیدریس عەلی-یەوە خوێنرانەوە. 

بڕیارە لە بەشێكی تری چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكەدا سەعات دوانزەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێشانگای كتێب لە هۆڵەكانی كتێبخانەی گشتی سلێمانی بە بەشداریی چەندان دەزگا و چاپخانە و كتێبفرۆش بكرێتەوە.

لە بەشی دووهەمی چالاكییەكانی دوانیوەڕۆشدا دیداری "مەهاباد قەرەداغی بۆ شیعر" بەڕێوە دەچێت و تیایدا شیعرە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵ كە یانزە شیعرن لە لایەن نووسەرەكانیانەوە دەخوێندرێنەوە.

PUKmedia ڤینۆس تۆفیق 

 

25/5/2021 10:23:00