بافڵ تاڵه‌بانی: ده‌ستوورێكمان ده‌وێت خزمه‌تی ھاووڵاتی ئامانجی بێت

ده‌مانه‌وێت ببینه‌ خاوه‌نی ده‌ستوورێك كه‌ تێیدا ھاووڵاتی ئامانجی سه‌ره‌كی بێت و بتوانین له‌و رێگایه‌وه‌ سیسته‌مێكی سیاسی گونجاو و حكومڕانییه‌كی باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان مسۆگه‌ربكه‌ین.

بافڵ تاڵه‌بانی، ھاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ ھه‌ولێر پێشوازی له‌ كلێمێنس زێمتنه‌ر، كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیا له‌ ھه‌رێم كرد.

 بافڵ تاڵه‌بانی پێویستی په‌یڕه‌وكردنی زمانی ھاوبه‌ش، یه‌كده‌نگی و لێكتێگه‌یشتنی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ھه‌رێم ته‌ئكیدكرده‌وه‌و دروستكردنی كۆده‌نگی نیشتمانی بۆ ئه‌م ھه‌لومه‌رجه‌ به‌گرنگ زانی تاوه‌كو له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان په‌یوه‌ندییه‌كان رێكبخرێنه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ ژیانێكی باشتر بۆ خه‌ڵك فه‌راھه‌م بكه‌ن. ئه‌م ھه‌نگاوه‌شی به‌ھۆكاری به‌رقه‌راكردنی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی وه‌سفكرد.

سه‌باره‌ت به‌ ھه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ گفتوگۆی ھه‌مه‌لایه‌نه‌كراو ھاوسه‌رۆك جه‌ختی له‌ رێكخستنه‌وه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان كرد له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و مه‌شقپێكردنێكی سه‌رده‌مییانه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ھاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌ڵمانیای به‌ پێویستزانی و له‌و ڕووه‌وه‌ خواستی یه‌كێتی روونكرده‌وه‌.
وتیشی: ھاوسه‌نگی و بنه‌مای یه‌كسانی په‌یڕه‌وبكرێت بۆ بنیادنانی ھێزێكی یه‌كگرتووی پڕچه‌ك و به‌دیسپلین له‌سه‌ر بنه‌ما نوێیه‌كانی سه‌ربازی.

پرسی ئازادی راده‌ربڕین ته‌وه‌رێكی تری گفتوگۆكان بوو و ھاوسه‌رۆك روونیكرده‌وه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان و ئازادی راده‌ربڕین نییه‌ و نامانه‌وێت به‌ناوی یاساوه‌ ماف و ئازدییه‌كان سنورداربكرێن، چونكه‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ و سه‌روه‌رییه‌كانی ئه‌زموونی دیموكراسی ھه‌رێمی كوردستان بوونی ئازادی، ئازادی راده‌ربڕین و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی ھه‌موولایه‌كه‌.

له‌باره‌ی پرسی ده‌ستووریشه‌وه‌ بافڵ تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌چه‌ند خاڵێكی نیشتمانی كرد بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و رایگه‌یاند، ده‌مانه‌وێت ببینه‌ خاوه‌نی ده‌ستوورێك كه‌ تێیدا ھاووڵاتی ئامانجی سه‌ره‌كی بێت و بتوانین له‌و رێگایه‌وه‌ سیسته‌مێكی سیاسی گونجاو و حكومڕانییه‌كی باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان مسۆگه‌ربكه‌ین.


PUKmedia تایبه‌ت

252222222.png

23/5/2021 20:46:00