یادی 33 ساڵەی کیمیابارانکردنی گوندی وەرێ دەکرێتەوە

بەیاننامەی مەڵبەندی "24"ـی ڕاپەڕین لەیادەوەری "33"ساڵەی کارەساتی کیمیابارانکردنی گوندی "وەرێ"ـی دەڤەری خۆشناوەتیدا.

33 ساڵ بەر لەئەمڕۆ بەدیاریکراوی  رۆژێك پێش جەژنی رەمەزان کەهاوڵاتیان و گوندنشینانی گوندی "وەرێ"ـی دەڤەری خۆشناوەتی لە ئامادەکاریی و پێشوازی کردنی جەژنی ڕەمەزاندا بوون  ، ئالەو کاتەدا  لە" 16-5- 1988" فڕۆكە جەنگیەکانی رژێمی بەعسی گومناو، پەلاماری ئەو گوندەیان دا و بەچەکی کیمیایی بۆردومانیان کرد. لەئەنجامدا "35"هاوڵاتی شەهید بوون و ژماریەکی زۆریشیان برینداربوون کە تائێستاش ئەوانەی لەژیاندا ماون کاریگەریی چەکی کیمیاییان بەسەرەوە ماوە .

ئەوەی جێی داخە و لەبیرناچێتەوە، ئەو پەلامارە دڕندەیەی بەعس بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیلی گوندی وەرێی سەربەناحیەی بێتواتە بە چاوساغی و نۆکەریی جاش و ئەڵقە لەگوێکانیان بوو کەتەنانەت نەیانهێشت تەرمی پیرۆزی شەهیدەکان لە ئاوایی و ئاوەدانیدا بنێژرێ و بۆ دەرەوەی گوندەکە گوێزرانەوە ، وە ڕێگەشیان نەدا هیچ کام لە بریندارەکانیش چارەسەر بکرێن .

خۆشبەختانە لەوکاتەدا پێشمەرگەکانی تیپی "83"ـی هەورێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەوناوچەیەدابوون بۆ کاری فریاگوزاریی و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان خێرا خۆیان گەیاندە گوندەکە و ژمارەیەک برینداریان لە نەخۆشخانەی شۆڕشدا لە مردنی حەتمی ڕزگارکرد .

کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان..

ئێمە لەکاتێکدا یادی ئەو کارەساتە دەکەینەوە، تا ئێستا ئەو تاوانە گەورەیە بەجینۆساید و پاکتاوی بەکۆمەڵ نەناسێنراوە ، بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بۆ بەجینۆسایدناساندن و دادگاییکردنی بکەر و یاریدەدەر و چاوساغانی ئەو تاوانە قێزەوەنە هیممەت و هەوڵی خۆیان وەگەڕبخەن ، وە چاویشمان لەوەیە کە خزمەتی زیاتری گوندی وەرێ و بەرکەوتووەکانی بکرێ، و ئاوڕێکی جددیش لە کەس و کاری سەربەرزی شەهیدەکان بدرێتەوە ، بۆ بەدیهێنانی ئەو چاوەڕوانیانەش پێویستە حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕتر و خێراتر بکا و بە کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ، دەستی ئاوەدانی لەدەڤەری خۆشناوەتی فراوانتر و گشتگیرتر بکا.

دروود بۆ گیانی شەهدانی گوندی وەرێی دەڤەری خۆشناوەتی

مەڵبەندی "24"ـی ڕێکخستنی ڕاپەڕین

PUKmedia

photo_2021-05-17_15-06-10.jpg

17/5/2021 18:20:00