ماددەیەكی یاسای بودجە ناكۆكی نێوان حكومەت و پەرلەمان

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە لیژنەی دارایی باس لەوە دەكەن حكومەتی فیدراڵ خواستی هەیە لە دادگای فیدراڵ تانە لە ماددەی 11ی یاسای بودجەی 2021ی عیراق بدات، كە پەیوەندی بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، راشیدەگەیەنن لەكاتی پێشكەشكردنی ئەو تانەیە كاركردن بەو ماددە دەوەستێت كەلەپەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەر درا، تا ئەو كاتەی لە دادگا یەكلادەبێتەوە.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmedia ی راگەیاند: حكومەتی فیدراڵ بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی هەوڵدەدات لە دادگای فیدراڵ  تانە لە ماددەی 11ی یاسای بودجەی 2021ی عیراق بدات كە پەیوەندی بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

 وتیشی: لەو تانەیە حكومەتی فیدراڵ وەك پێشتر ئاراستەی پەرلەمانی كردبوو،  پێی باشە هەرێم رۆژانە  بەهای 250هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ بداتە بەغدا، ئەوە جێگیر بكرێت، نەوەك 460هەزار بەرمیل بەو شێوەی لە لە پەرلەمان دەنگی لەسەردرا.

ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیاری دادگا یەكلاكرەوە دەبێت لەوەی هەرێم بەو جۆرە نەوت راستی بەغدا دەكات كە لە ماددەی 11ی یاسای بودجەدا هاتووە و لە پەرلەمان دەنگی لە سەردراوە، یانیش دەگەڕێتەوە بۆ دەقەی لە حكومەتی عیراقی  ئاراستەی پەرلەمان كردبوو،  كە بە دیاریكراوی باس لە راسدەتكردنی قیمەتی 250هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێك بەنرخی سۆمۆ بە بەغدا  دەكات.

لەلایەنخۆیەوە د. جەمال كۆچەر ئەندامی هەمان لیژنەی پەرلەمانی عیراقی بۆ PUKmedia وتی: ئەگەر  سەیری بكەیت هەردوو شێوازەكە لە خاڵێك یەك دەگرێتەوە، كە لەكۆتایی هەرێم دەبێ  بەهای 250هەزار بەرمیل بەنرخی سۆمۆ رادەستی بەغدا بكات، بەڵام دیارە حكومەتی فیدراڵ دەیەوێ وەك چۆن پێشتر داوای كردبوو بەو جۆرە پەسەند بكرێت  ئەویش 250هەزار بەرمیلە، چونكە ئەوەی لە پەرلەمان پەسەندكرا دەڵێ هەرێم رۆژانە  بەهای  460هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێك  بداتە بەغدا.

سەبارەت بەو تانەیەی حكومەتی فیدراڵ لە ماددەی11 و كاریگەری لەسەر پشكی هەرێم  ئەو پەرلەمانتارە  ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر تانەكە پێشكەش بە دادگا فیدراڵ بكرێت، تا ئەو تانە یە یەكلانەكرێتەوە، ماددەی 11 كە پەیوەندی بە شكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە كاری پێناكرێت، ئینجا لە دوای بڕیاری دادگا چۆنیەتی كاركردن بە ماددەی 11 یەكلادەكرێتەوە لەوەی هەرێم 250هەزار بەرمیل بدات یان 460هەزار.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا- هەولێر

 

4/5/2021 13:38:00