له‌مانگی رابردوودا 97 شوێن له‌سلێمانی داخراون

قائیمقامیه‌تی سلێمانی‌ ئاماری كاروچالاكیه‌كانی مانگی رابردوی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار سه‌ردانیان ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر (50) تۆن كاڵاوشمه‌كی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچودا گرتوه‌‌.

قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ (7084) سه‌ردانیان بۆ دوكان و بازاڕ وشوێنه‌ ‌گشتییه‌كان ئه‌نجامداوه‌، له‌و به‌سه‌ركردنه‌وانه‌شدا پسوڵه‌ی سه‌رپێچییان بۆ (784) شوێن تۆماركردوه‌، كه‌به‌شێكی زۆری سه‌رپێچییه‌كان كه‌مته‌رخه‌می خاوه‌نی شوێنه‌كان بووه‌، نه‌ك چاوچنۆكی به‌ده‌ستهێنان پاره‌ به‌شێوه‌ی نایاسایی، هه‌روه‌ها (407) شوێنیشیان ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌.

له‌ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌: به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی ‌رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی كاركردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی (97) شوێن داخراوه‌ وه‌هه‌روه‌ها (12) شوێنیشیان روبه‌ڕوی دادگا كردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو: له‌ مانگی رابردوداو له‌ئه‌‌نجامی پشكنیینه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی توانیویانه ده‌ست به‌سه‌ر (50) تۆن كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نی خراپدا بگرن‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی نیشته‌جێبون له‌ناوبرێت.

هه‌روه‌ها، به‌هۆی سه‌رپێچی شوێنه‌كان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بڕێك پاره‌ غرامه‌ی خاوه‌ن شوێنه‌كانی كردوه‌، كه ‌بڕه‌كه‌ی له‌مانگی چواری ساڵی (2021) بریتییه‌ له‌ (46) ملیۆن و (835) هه‌زار دیناره‌‌ و به‌پێی یاسا ده‌خرێته‌وه سه‌رداهاتی گشتی.

PUKmedia راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

4/5/2021 10:01:00