حكومەتی عیراق ئیدانەی لەشكركێشی توركیا دەكات

وەزارەتی دەرەوەی عیراق، بەرپرسی كاروباری باڵوێزخانەی توركیا لە بەغدا  لەسەر لەشكركێشی توركیاو سەردانی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ ناوخاكی عیراق بانگهێشت دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەراگەیەنراوێكیدا ئاشكرایكردوە:"  نزار خەیروڵڵا بریكاری باڵای وەزارەتی دەرەوە بەرپرسی كاروباری باڵوێزخانەی توركیا كوچولو كالفاتی بانگهێشت كردوە".

رونیشكراوەتەوە:" بانگهێشتكردنە لەسەر لەشكركێشی توركیا بۆ ناو  خاكی عیراق كە سەروەریەكانی خاكی عیراقی پێشێل كردوەو هاوكات سەردانیكردنی وەزیری بەرگری توركیا بۆ ناوخاكی عیراق بەبێ هیچ ئاگادار كردنەوەیەكی حكومەتی ناوەند و لێدوانی وەزیری دەرەوەی توركیا لەسەر دروستكردنی سەربازگەیەك لەناو خاكی عیراق  بووە". 

ئاماژە بەوەشدراوە:"بریكاری وەزیری دەرەوەی عیراق، ئیدانەی سەردانەكەی وەزیری بەرگری توركیای بۆ ناو خاكی عیراق  و لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیای كردوەو ئەو جۆرە هەڵوێست و پێشێلكردنەی سەروەری خاكی عیراقی بەمەترسیدار ناوبردوە بۆ سەر پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا".

 

PUKmedia ئاژانسەكان 

3/5/2021 23:16:00