لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ وەفدێكی باڵای پارتی پێشكەوتنخوازی كوردی سوریا كۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ 3ی 5ی 2021 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی، پێشوازی كرد لە وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی سوریا كە پێكهاتبوون لە ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد بەرەكات، سەڵاح دەروێش،عەلی شەمدین، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی.

لە دیدارێكدا كە سالار سەرحەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكان ئامادەی بوو، گفتوگۆ كرا دەربارەی دۆخی رۆژئاواو رێوشوێنەكانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

لەسەرەتای دیدارەكەدا لاهور شێخ جەنگی جەختی كردەوە لەسەر نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی كە رووبەڕووی كوردی رۆژئاوا دەبێتەوە، پێویستیی یەكڕیزیی لایەنە كوردییەكان و گرتنەبەری رێگەی ئاشتی و زمانی گفتوگۆی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد لە رۆژئاوا بەجۆرێك كە رۆڵی هیچ لایەنێك نادیدە نەگیرێت، لەو رووەشەوە پشتیوانی و هاوكاری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپات كردەوە.

هاوسەرۆك ئاماژەی بەو پەیوەندییە دێرین و مێژوییە كرد كە لە نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی سوریا هەیە كە بناغەكەی لەسەر دەستی هەردوو خوالێخۆشبوو مامی گەورەمان و مامۆستا حەمید دەروێش داڕێژراوە، پەرەپێدان و پتەوكردنی ئەو پەیوەندییانەشی دووپات كردەوە.

هاوكات لاهور شیخ جەنگی دەستخۆشی لێكردن كە سەرباری دژواری دۆخەكە توانیویانە حزبەكەیان بپارێزن، هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن كە دەیانەوێت لە داهاتوودا كۆنگرەیەك ساز بكەن.

وەفدەكەش پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ رۆڵی نیشتیمانی و هاوكاری و پاڵپشتییەكانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەرامبەر كوردی رۆژئاوا و پیرۆزباییان لێكرد بە بۆنەی پێكهێنانی هاوپەیمانی نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە پێناو یەکڕیزی نیشتیمانی و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا.

PUKmedia 

7657576665.jpg

3/5/2021 21:04:00