خۆشنووسی كوردستان لە ئاستی هونەری خۆشنووسی جیهاندایە

هونەرمەندی خۆشنووس پارێزەر یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی ساڵانێكە سەرقاڵی هونەری خۆشنووسییە، بەهۆی لێهاتووی دەستوپەنجەكانی بەشداری چەندین پیشانگای خۆشنووسی كردووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ئەربیللی لە قەڵای دێرینی شاری هەولێر لە دایكبووە دەرچووی (كۆلیژی یاسا)یە، چەندین خۆشنووس لە ژێردەستی پێگەیشتوون، كە ئێستا لە گۆڕەپانی خۆشنووسی جێ پەنجەیان دیارە.

هونەرمەند یەحیا ئەربیلی لە لێدوانێكیدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: لە ساڵی 1992كاتێك سەیری تابلۆی خۆشنووسیم دەكرد زۆر حەزم دەكرد بتوانم نووسین بە شێوازی هونەری بنووسم، پاشان هەوڵی لاسایی كردنەوە و قوڵ بوونەوەمدا لە جوڵەی پیتەكان لە شێوازەكان و جۆرەكانی نووسیندا، دوای ئەوە لە ساڵی 1993 چوومە لای مامۆستا نجات ئەنوەر كە شێخی خۆشنووسانی كوردستانە، لەلای بەرێزیان فێری سەرەتای هونەری خۆشنووسی بووم و دواتر توانیم بە مەشق و راهێنانی  بەردەوامی نووسین پەرە بە ئاستەكەم بدەم و لە هەمان ساڵدا دەستم كرد بە نووسینی تابلۆی ریكلام و لافیتە بە شێوەیەكی بەردەوام.

وتیشی: جوانی و رەسەنایەتی هونەرەكە و شێوازی نووسینەكان وایان لێكردم بە حەز و ئارەزویەكی زۆرەوە دەست بەم هونەرە بكەم، یەكێك لەم هۆكارانەی كە بووە هۆی بەردەوامی ئارام گرتنم بوو لەسەر زۆری مەشق و نووسینم كە رۆژانە زیاتر ل 3 سەعات مەشق و راهێنانم دەكرد بە بەردەوامی  بەبێ ئەوەی هەست بە ماندوو بوون بكەم، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە بتوانم لە ماویەكی كەمدا ئەم هونەرە بە شێوەیەكی زۆر باش لە ژیانم دا بەرجەستە بكەم، هونەری خۆشنووسی هونەرێكی رەسەنە و چێژیكی زۆری روحی، دەبەخشێت بە خۆشنووس بە تایبەتی لەكاتی نووسیندا. 

راشیگەیاند: زۆر جۆر نووسین هەیە كەپێان دەڵێن (خەت) ، بەڵام خەت یان شێوازی نووسینی چەند جۆری سەرەكیمان هەیە، وەك خەتی ( پلپ) كە جوانترین و قورسترین جۆری نووسینە بۆ فێربوون، لەبەر بوونی ئەندازەیەكی تایبەت بە پیتەكان، خەتی (نسخ) و فارسی (نستعلیق) و (دیوانی)كە تایبەت بوو بە دیوانی عوسمانی و خەتی (كوفی) كە كۆنترین خەتە و (روقعە- ریحانی - سنبلی- مغربی- مصحفی) زۆری تریش، من زیاتر لە خەتەكانی ( نسخ و دیوانی و فارسی و روقعە) دەنووسم، شارەزاییشم لە هەموو جۆرەكانی خەت هەیە.

وتیشی:  زۆر بەخۆشحاڵییەوە  ئاستی خۆشنووسانی كوردستان لە ئاستی باڵای هونەری خۆشنووسانی جیهاندایە بەڵگەش بۆ ئەم بۆچوونەم بەشداری كردنمانە لە پێشبڕكێیە جیهانییەكان و وەرگرتنی خەڵاتی سەرەكی پێشبركێیەكان و بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان بە خۆش نووسانی كوردستان، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتییدا، ئەمەش بە هەوڵ  و تەقەڵای خۆشنووسان بە هاندانیان لەلایەن مامۆستایانی خۆشنووس بۆ برەودان  وبەرزكردنەوەی  ئاستیان نابێت ئەمەشمان لە یاد بچێت كە هونەری خۆشنووسی  بە یەكێك لە سیما هەرەجوانەكانی شارستانییەتی هەر وڵاتێك دادەنرێت.

هونەرمەند یەحیا ئەربیلی وتیشی:  رەنگ كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر جوانی و شێوازی نووسین، بەڵام شێوازی نووسینی كلاسیك و تەنها بە ڕەنگی ڕەش دەنووسرا بۆ ئەوەی زیاتر روون و دیاربێت، لە كاتی خوێندنەوەیدا، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ڕەنگی تریش هاتە نێو جیهانی خۆشنووسی، رەنگی قاوەیی  كە زیاتر فارسەكان  ئەم ڕەنگەیان بە كار دەهێنا، لە نووسینەكانیاندا وە ڕەنگەكانی تریش وەك ڕازاندنەوەی پیتەكان و پێدانی جوانییەكی زۆر بە تابلۆ، بە هەمان شێوە بەكارهێنانی ڕەنگ لە نەخش بۆ تابلۆكان ، ئەمەش هونەرێكی تایبەتە كە زیاتر لە جیهانی دەرەوە  گرنگی پێدەدرێت.

راشیگەیاند: سروشت و كەشێكی ئارام كاریگەرییەكی زۆریان هەیە لەسەر خودی خۆشنووس، بەتایبەتی لە كاتی نووسیندا لەبەر ئەوەی نووسین زیاتر هەستە،لەهەمان كاتدا قوڵبوونەوەیە لەپیتەكان. 

ئەوەشی راگەیاند: مامۆستا ئازیزەكان  كاریگەرییەكی زۆریان هەبووە لە سەر خودی خۆم لەوانەش مامۆستایان نەجات ئەنوەر و ئەحمەد عەبدولڕەحمان كە بە كۆڵەگەی هونەری خۆشنووسی دادەنرێن لە سەر ئاستی  هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆرێكیش لە مامۆستایانی تر كە خزمەتێكی زۆر هونەری خۆشنووسیان كردووە. 

وتیشی: لە ساڵی 1994 لەگەڵ براكانم دەستم رد بە پیشەی زێڕنگری لە بازاری قەیسەری لە شاری هەولێر، كە كارمان دروستكردنی هەموو جۆرەكانی خشڵ بوو دواتر من لەبەر ئەوەی لە هونەری خۆشنووسییدا كارم دەكرد حەزم كرد، بتوانم ئەم هونەرە لەگەڵ پیشەی زێرنگریدا تێكەڵ بەیەك بكەم و ببێتە داهێنانێك لە جیهانی خشڵ دا، لە رووی هونەری و دیزایین و شێوازی نوێ بە دروستكردنی پیت و نووسین لە سەر زێڕ و زیو وەك دروستكردنی مەدالیای ڕێزلێنان بۆ كەسایەتییەحكومییەكان و هونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیران، تاكو ئێستاش چەندین دیزاینی تایبەتم دروستكردووە، وەك مەدالیا ی ڕێزلێنان و خشڵی تایبەت بە ئافرەتان، بۆیە  هونەری خۆشنووسیم كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لە سەرپیشەی زێڕنگریمدا، لێرەدا توانیمان خزمەت بە شار و گەلی خۆمان بكەین لە هەمان كاتیشدا گەشتیارەكان بە خۆشحاڵییەوە سەردانمان دەكەن بۆ كڕینی دیاری تایبەت بۆ ئازیزانیان.

زیاتر وتیشی: پرۆژەی تایبەتیمان زۆر كردووە لە ڕووی فێركردن و كردنەوەی خوولی خۆشنووسی لە ساڵی 1997 تاكو  ئێستا، لە هەمان كاتدا  بەشداریم لە چەندین پێشبڕكێ و پیشانگالەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە كردوە  وەك لە وڵاتانی ( ئەمریكا - ئیتاڵیا – قەتەر- مالیزیا- سعودییە- میسر – ئوردن – توركیا – ئیماراتی عەرەبی).

PUKmedia كامەران حاجی ئەلیاس  

 

 

1/5/2021 13:09:00