نوێنەرێک:خاڵە سنورییەکان کۆنترۆڵ نەکراون

ئەندامێكی لیژنەی بەدواداچون و پلاندانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رەتیدەكاتەوە حكومەتی فیدراڵ خاڵەسنوریەكانی كۆنترۆڵكردبێت وەك خۆیان رایانگەیاندووە،  ئاشكرایدەكات  بەرنامەی حكومەتەكەی كازمی لەكاتی راگەیاندنی كابینەكەی بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵەسنورییەكان‌و گەڕانەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی رێژەیەكی زۆركەمی جێبەجێ نەكراوە.

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون و پلاندانان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmedia ی راگەیاند: بەگوێرەی بەدواداچونەكانمان بۆ جێبەجێكردنی  بەرنامەی كابینەكەی ئێستای حكومەتی فیدراڵ ، بەتایبەتی ئەوەی  پەیوەندی بە كۆنترۆڵكردنەوەی خاڵەسنورییەكان‌و گەڕانەوەی داهاتەکانیەوە هەیە،  بۆماندەركەوتوە كە بەشێكی زۆر لە بەرنامەكانی مستەفا كازمی لەسەر ئەو پرسە جێبەجێ نەكراوە .

وتیشی: ئەوەی ئێمە لەو بەدواداچونە بەدیمانكرد كەمتر 20% بەرنامەكەی حكومەت جێبەجێكراوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو زانیاریانەیە كە  لەلایەن حكومەتی فیدراڵ لەو بارەیەوە دەڵێ لە 70% بەرنامەكانی لەبارەی خاڵەسنورییەکان و سێكتەرەكانی دیكە جێبەجێكراوە و حكومەت تێدا سەركەوتووبووە.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستەروو: ڕەوشی مەرزەكان‌و خاڵە گومرگیەكان بەگشتی لە ناوەراست و باشووری عیراق زۆر خراپە‌و گەندەڵی و تاڵانیەكی زۆر هەیە، بەجۆرێك  زۆرلەو كاڵا و شتومەكانەی دێتە ژوورەوە یان دەچێتە دەرەوەی عیراق  گومرگ ناکرێن، هاوكات ئەو گروپانەی دەستیان بەسەر ئەو مەرزانە داگرتووە لە حكومەت زۆر بە هێزترن و پڕچەكترن.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا/هەولێر

8/4/2021 15:33:00