چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ یەكلاكرایەوە

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بۆ یەكلایكردنەوەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو یەكێتی مامۆستایان كۆبوونەتەوەو دوو بژاردە دەدرێتە لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی كۆرۆناو یەكێكیان ئەوەی دەرگای خوێندنگەكان بەداخراوی دەمێننەوەو ئەوی تریشیان خوێندنی ئەلیكترۆنیە كە نابێتە جێگرەوەی خوێندنی ناو پۆل.

عەبدولسەلام دۆڵەمەری سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆسەی خوێندنی رایگەیاند:لیژنەكەیان بەئامادەبوونی نوێنەری یەكێتی مامۆستایان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ دیاریكردنی چارەنوسی پرۆسەی خوێندن و ئامادەكردنی پێشنیارەكان كۆبوونەتەوە، چونكە لەئێستادا ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لەهەڵكشاندایە بۆیە هەمووان لەسەر ئەو كۆكبوین ناتوانرێت دەرگای خوێندنەگان بەڕووی خوێندكاراندان بكرێنەوەو پرۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە،  

وتیشی: سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگاچارەیەكین تا پرۆسەی خوێندنی بەردەوامبێت و ساڵی خوێندنی خوێندكاران نەفەوتێت و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی بەدیلێك كراوە، یەكێك لەبژاردەكانیش كە دەرگای خوێندنگەكان نەكرێنەوە خوێ،دنی ئەلیكترۆنییە، بەڵام وەك لیژنەی پەروەردەو یەكێتی مامۆستایان و خودی وەزارەتی پەروەردەش پێمانوانیە كە خوێندنی ئەلیكترۆنی جێگرەوەی خوێندنی ناو پۆل بێت، خوێندنی ئەلیكترۆنی دادپەرورەی تێدا نیە بۆ خوێندكاران.

سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: دوو بژاردەمان لەبەردەستە، یەكێكیان ئەوەی دەرگای خوێندنگەكان بەداخراوی دەمێنێتەوە تا لەداهاتوودا هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی دەكرێت یان خوێندن دەبێتە ئەلیكترۆنی بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی وت: ئەو بژاردانە لەبەردەم وەزارەتی پەرورەدەیە تا بۆ لیژنەی باڵای كۆرۆنای بەرزبكاتەوەو لەوێ بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.

PUKmedia تایبەت 

 

7/4/2021 16:56:00