قوباد تاڵەبانی: پێویستە‌ حكومە‌تی عیراق و هە‌رێم پابەندنی یاسای بودجەبن

حكومەتی هەرێم كۆبوویەوەو لەكۆبونەوەكەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: پێویستە‌ هە‌ردوو حكومە‌تی فیدراڵ و هە‌رێم، پابە‌ند بن بە‌و رێنمایاییانە‌ی كە‌ دواتر دە‌ردە‌چن بۆ جێبە‌جێكردنی یاسای بودجە‌ی 2021

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، سەرۆك وەزیران سەبارەت بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 كرد دەستخۆشی لە تیمی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە ئەركەكانیان بە باشی ئەنجامدا، ئاماژەشی بەوەدا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی، مافێكی دەستووری و رەوای هەرێمی كوردستانە، جەختیشی لەوەكردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندە بەبڕگەكانی یاسای بودجەو داواشی لەحكومەتی فیدراڵی كرد كە پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

 پاشان لەبڕگەیەكی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی، كورتە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی گفتوگۆكانیان لە ‌بە‌غدا خستە‌ڕوو، وێڕای ستایشكردنی ئە‌ندامانی وەفدە‌كە‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ پێویستە‌ هە‌ردوو حكومە‌تی فیدراڵ و هە‌رێم، پابە‌ند بن بە‌و رێنمایاییانە‌ی كە‌ دواتر دە‌ردە‌چن بۆ جێبە‌جێكردنی یاسای بودجە‌ی 2021. 

وتیشی: لە‌گفتوگۆكانمان لە‌گە‌ڵ پە‌رلە‌مان و حكومە‌ت و لایە‌نە‌ عیراقییە‌كان، جە‌ختمان لە‌سە‌ر پابە‌ند بوون بە‌دە‌ستوور كردە‌وە‌ بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێمی كوردستان.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، راپۆرتێكی دەربارەی دوایین ئامادەكارییەكانی تایبەت بەگەڵاڵەكردنی رەشنووسی یەكەمی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 خستەڕوو، جە‌ختیكردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌كارییە‌كان هەنگاوی باشیان بڕیوەو لە‌داهاتوویە‌كی نزیكدا، ئە‌و پڕۆژە‌‌ یاسایە‌ ئامادە‌ دە‌بێت.

لە‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تە‌ندروستی هە‌رێمی كوردستان و چۆنییە‌تی روبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی بڵاوبوونە‌وە‌ی زیاتری ڤایرۆ‌سی كۆرۆنا كرا. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە ‌هاووڵاتییان دەكات پابە‌ندی رێنماییە‌كان بن لە پێناو كە‌مكردنە‌وە‌ی رێژەی تووشبوون بە‌و ڤایرۆسە‌، بە‌تایبە‌تیش، چونكە ئێستا ژمارە‌ی تووشبووان لە‌ هە‌ڵكشاندایە‌.

PUKmedia 

7/4/2021 15:15:00