خاتوو گەلاوێژ: مام سەركەوتوانە جڵەوی وڵاتێكی وێرانەی گرتەدەست

لە ساڵیادی بوونی سەرۆك مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عیراق، خاتوو گەلاوێژ پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، مام جەلال پیاوی رۆژی تەنگانەی كورد و پیاوی ئەركە زۆر قورس و زەحمەتەكانی عێراق بوو.

 دەقی پەیامەكە:

مام، پیاوی رۆژی تەنگانەی كورد و پیاوی ئەركە زۆر قورس و زەحمەتەكانی عێراق

شازدە ساڵ لەمەوبەر و بۆ یەكەمجار لە مێژووی پڕ لە تێكۆشانی نەتەوەی كورد و لەمێژووی دوور و نزیكی عێراقدا، كوردێكی قاڵبووی شێوازەكانی خەباتی رێكخراوەیی و پێشمەرگایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی، دەبێتە سەرۆك كۆمارێكی هەڵبژێردراوی وڵاتێكی پڕ لە ئاشووبی دوای جەنگی رزگاریی و رووخاندنی دیكتاتۆریەت، ئەویش جەنابی مام جەلال بوو.

مام جەلال، بە رەچاوكردنی ئەو پاشخانە زۆر دەوڵەمەندەی كە لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكی و هەروەها دانایی و قورسایی خۆی وەك كەسایەتییەكی كاریزمی هەیبوو، سەركەوتوانە جڵەوی ئیدارەدانی وڵاتێكی وەرگرت كە جگەلەوەی وێرانەیەكی جێماوی "پرۆسەی ئازادیی" بوو لەهەمانكاتدا شەڕ و ململانێی تایەفی و ئیتنی و ...هتد هەموو پێكهاتەكانی لەیەكتر كردبووە دوژمن، ئا لەو رۆژگارەدا مام شانی بەشەوكەتی خۆیی دایە بەر باری گلاوی وڵات و بووە نوێنەرێكی راستەقینەی هەموو پێكهاتەكان.

مام، پیاوی رۆژی تەنگانەی كورد و كوردستان و پیاوی ئەركە زۆر قورس و زەحمەتەكانی عێراق و عێراقییەكان، رۆڵێكی ئەوەندە جوامێرانەی گێڕا كە تاهەتایە هەموو كورد و عێراقییەك شانازیی پێوە بكات. ئەوە مامی كوردان بوو كە بە لێوەشاوەیی سیاسی و پشوودرێژیی دیپلۆماسیی، توانی عێراقێكی هەلاهەلای جەنگە زۆر و زەوەندەكان بكاتەوە دەوڵەتێكی حساب بۆكراو و بیخاتەوە سەر رێچكەی گەڕانەوە بۆ كایە ئیقلیمی و جیهانی و نێودەوڵەتییەكان.

لەمڕۆژەدا، دەیان و بگرە سەدان وتەی گەورە لێپرسراوانی كورد و عێراق و ناوچەكە و جیهانمان بیردەكەوێتەوە كە چۆن ستایشی ماوەی سەرۆكایەتی مام جەلال دەكەن. بۆیە ئەگەر "پرۆسەی ئازادكردنی عێراق" خاڵێكی وەرچەرخانی مێژووی نوێی عێراق بێت، ئەوا بەدڵنییەوە ماوەی سەرۆكایەتی مام-یش، ماوەیەكی پرشنگداری مێژووی عێراقە.

لەم یادە بەشكۆیەدا هەر ئەوەندەمان بۆ دەكرێت دەستبەسنگ بۆ گەورەیی جەنابی مام بوەستین و بەچاوی پڕ ئەسرین و دڵی پڕ لەخەمەوە، سڵاوی گەرمی دەروونی پاكمان بۆ گیانی پاكی ئەو كەسایەتییە بنێرین كە لێوەشاوەیی خۆیی، وەك كوردێك، لە ئیدارەدانی رۆژە سەخت و دژوارەكانی وڵاتێكی خاپووری دوای جەنگەكاندا، بۆ دۆست و دوژمن سەلماند.

گەلاوێژ

PUKmedia

6/4/2021 20:19:00