كۆچی پێچه‌وانه‌ی مه‌سیحیه‌كانی عیراق بۆ وڵات ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری مه‌سیحیه‌كان له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت دوای سه‌ردانی پاپا فرانسیس بۆ عیراق به‌شێك له‌ مه‌سیحیه‌كان هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌ده‌ن بۆ زێدی خۆیان، ئاماژه‌به‌وه‌شده‌كات له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا پاپا به‌ڵێنی داوه‌  له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌وڵاتان ئابووری ئه‌و ناوچانه‌ چاكبكاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕو كاره‌ تێكده‌ره‌كان وێران كراون.

خالید جه‌مال به‌رێوه‌به‌ری كاروباری مه‌سیحیه‌كان له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هه‌رێم به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: دوای سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا فرانسیس پاپای فاتیكان بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌مانگی رابردوو و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شوێنه‌ جیاجیاكانی مه‌سیحییه‌كان، چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كۆچی پێچه‌وانه‌ی مه‌سیحیه‌كان له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان له‌ عیراق ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

وتیشی: بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ پاپا فرانسیس به‌ڵێنی داوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌وڵاتان ئابووری ئه‌و ناوچانه‌ چاكبكاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی شه‌ڕو كاولكارییه‌وه‌ وێرابوون،   به‌تایبه‌تی ده‌شتی نه‌ینه‌وا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ نێویشیان مه‌سیحیه‌كان  ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ربوون بۆ هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌.

خالید جه‌مال ئاماژه‌ی به‌شكرد: ئێمه‌ پێمانوایه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان رۆڵی گرنگی ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاواره‌كان، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین  به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی روویان له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كردوه‌ جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانیان، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌ده‌ن بۆ زێدی خۆیان.

به‌رێوه‌به‌ری كاروباری مه‌سیحیه‌كان ئه‌وه‌شی خسته‌روو: به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی  ناوچه‌ مه‌سیحی نشینه‌كان كه‌وتۆته‌  سنووری ناوچه‌ دابراوه‌كان له‌نێوان حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستور به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌ی خه‌ڵكی ئێمه‌ و  ئه‌و پێكهاته‌كانی تر چاره‌سه‌رده‌بێت و له‌ رووی ئه‌منیه‌وه‌ پارێزراوتر ده‌بێت.

ئه‌و لێپرسراوه‌ی  پێكهاته‌ی مه‌سیحی روونیشیكرده‌وه‌ : به‌گوێره‌ی دوا ئامار له‌ كاتی ئێستا 275 هه‌زار مه‌سیحی له‌ سنووری ناوچه‌كانی موسل و كه‌ركوك و دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ژین، جگه‌ له‌وانه‌ زیاتر له‌ 250 هه‌زار مه‌سیحی له‌ به‌غدا و باشوری عیراق هه‌ن، هاوكات نزیكه‌ی 100 هه‌زار ئاواره‌ی وڵاتان دراوسێ بوونه‌‌و ژماره‌یه‌كیش روویان له‌وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا كردووه‌.

PUKmedia هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵڵا

6/4/2021 19:25:00