لاهور شێخ جه‌نگی: خوێندكاری ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی مامی گه‌وره‌مان ده‌بین

له‌ ساڵیادی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق، لاهور شێخ حه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

په‌یامی هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی له‌ ساڵیادی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌ك سه‌رۆككۆماری عێراق

ئه‌مڕۆ شانزه‌ ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌ سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدراڵ كه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بوو له‌ ژیانی سیاسیی عێراقی دوای دیكتاتۆری، بۆ گه‌لی كوردیش ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ بوو كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژوودا كوردێكی سیاسه‌تمه‌دار و مامۆستا و خه‌باتگێڕ و دیپلۆمات و شاره‌زا به‌ هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه‌ ببێت به‌ سه‌رۆككۆماری عێراق.

مامی گه‌وره‌مان به‌ حیكمه‌ت و دانایی و پشوودرێژییه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی زۆری پێشكه‌ش به‌ گه‌له‌كه‌ی كرد به‌ كورد و عه‌ره‌به‌وه‌، توانی ببێته‌ نوێنه‌ر و پارێزه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كان، چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو بیروڕا جیاوازه‌كان، پارێزه‌ری ده‌ستوور بوو، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزیی و ته‌بایی و سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیان بوو، دیموكراسی و فیدراڵی كرده‌ ناسنامه‌ی عێراقی نوێ، هه‌ر بۆیه‌ نازناوی (صمام الامان)ـی لێنرا.

له‌ ناوخۆشدا له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزیی هه‌موو لایه‌نه‌كان بوو، ده‌ستی هاوكاری و ئاشتی و ته‌بایی بۆ هه‌مووان ڕاده‌كێشا، هه‌میشه‌ كاری بۆ به‌هێزبوونی پێگه‌ی كورد ده‌كرد له‌ به‌غدا، ئه‌و كاته‌ی مام سه‌رۆككۆمار بوو هه‌رێمی كوردستان گه‌شانه‌وه‌ و بوژانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینی.

ئه‌مڕۆش كه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ یادی ئه‌و ڕۆژه‌ پرشنگداره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خوێندكاری ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی مامی گه‌وره‌مان بین، بیروباوه‌ڕه‌ نه‌گۆڕه‌كانی مام ده‌كه‌ینه‌ پلان و به‌رنامه‌ و هه‌نگاوه‌كانی كاركردنی سیاسیمان، ئێستاش له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌ سیاسه‌ت و ڕێبازه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. هانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ده‌ین كه‌ كۆتایی به‌ ململانێ كه‌سی و ‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كان بهێنن و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان و ژیانێكی شایسته‌ و خۆشگوزه‌رانیان بۆ دابین بكه‌ین.

PUKmedia

6/4/2021 16:25:00