هه‌وڵه‌كانی عیراق بۆ گێڕانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی به‌رده‌وامه‌

سالار عه‌بدولستار، وه‌زیری داد، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی ئازاری 2021 له‌گه‌ڵ ماسیۆ تۆله‌ر، باڵوێزی ئه‌مریكا له‌به‌غدا گێڕانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی عیراقییان تاوتوێكرد.

فه‌رمانگه‌ی میدیای وه‌زاره‌تی داد له‌راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌كی ده‌ست PUKmedia كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ سالار عه‌بدولستار و ماسیۆ تۆله‌ر، باڵوێزی ئه‌مریكا له‌به‌غدا باسیان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی هاوكاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات كردووه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ سێكته‌ره‌كانی یاساوه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها چۆنێتی كاراكردنه‌وه‌یان له‌داهاتووییه‌كی نزیكدا.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، وه‌زیری داد له‌میانی دیداری له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئه‌مریكا، ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندی قووڵی ستراتیژی نێوان هه‌ردوو وڵات داوه‌، ئاماژه‌شیداوه‌ به‌ گرنگی به‌رده‌وامبوونی هاوكاری هاوبه‌ش و پێشكه‌شكردنی پشتیوانی بۆ به‌هێزكردنی سیسته‌می مافه‌كانی مرۆڤ و كه‌رتی دادوه‌ری.

هه‌روه‌ها هه‌ردوو لایه‌ن باسیان له‌گرنگی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وڵات كردووه‌ له‌باره‌ی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌ تایبه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاگادارینامه‌ دادییه‌كان له‌نێو دادگاكانی ئه‌مریكادا، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كان بۆ گێڕانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی عیراق كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی جیاوازی شارستانییه‌تی دۆڵی رافیده‌ین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

PUKmedia فه‌رمانگه‌ی میدیای وه‌زاره‌تی داد

25/3/2021 18:29:00