بەرگری ئەمریکا: وەڵامی هێرشە موشەکیەکەی هەولێر دەدەینەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەبارەی هێرشە موشەكیەكانی هەولێرەوە  هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەكات لەكات و شوێنی گونجاودا.

 وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە:" لەگەڵ لایەنە عیراقیەكان كاردەكەین بۆ ئەوەی بزانین  چ لایەنێك لەپشتەوەی هێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكایە لەبەغدا".

رونیشكردوەتەوە:"  هێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا مەترسیدارن و ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە بەرگری لەخۆمان بكەین". 

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە:" تاكو ئێستا لێكۆڵینەوەكان  لەسەر هێرشەكانی هەفتەی رابردووی سەر شاری هەولێر بەردەوامی هەیە و هێشتا ئەو لایەنەی لەپشتەوەی ئەو هێرشانەیە دەستنیشان نەكراوە".

باس لەوەشكراوە:"  هێرشەكانی سەر هەولێرمان بەجدی وەرگرتووەو لەكات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەدەینەوە". 

لەبەشێكی تری بەیاننامەكدا جەختكراوەتەوە:" ژمارەی سەربازەكانمان لەعیراق زیاد ناكەین".

بەیاننامەكەی  وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەكاتێكدایە هەفتەیەك بەسەر هێرشە موشەكیەكانی شاری هەولێردا تێدەپەڕێت و ئەمشەویش بەچەند موشەكێك هێرشكرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، لەلایەكی تریشەوە وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووپاتیكردوەتەوە، لەڕێگەی بازگەكانەوە ئاسانكاری كراوە بۆ هاتنەوەی ئەو کەسانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

PUKmedia  داڕشتنەوە

22/2/2021 23:09:00