خورماتوو.. سزای دارایی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت كه‌ ماسك نابه‌ستن

شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سنووردار هه‌ڵمه‌ته‌كانیان بۆ رێگری له‌سه‌رپێچیكاران ده‌ستیپێكردووه‌و تائێستاش چه‌ندین هاووڵاتی و دوكاندار به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌رێنماییه‌كانه‌وه‌ سزادراون.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20-2-2021، جه‌مال عه‌گاب وته‌بێژی شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سنووردار هه‌ڵمه‌ته‌كانی لیژنه‌كانی چاودێری له‌ ته‌واوی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ده‌ستیپێكردووه‌و تائێستاش چه‌ندین چێشتخانه‌و دوكان و هاووڵاتی به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێنماییه‌كانه‌وه‌ سزادراون.

وتیشی: له‌سه‌ره‌تای جێبه‌جێكردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ دوو له‌ قه‌زای خورماتوو دوكان و چێشتخانه‌یه‌ك به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ سزادراون .

عه‌گاب وتیشی: ئه‌و خاوه‌نكارانه‌ به‌ بڕی 5 ملیۆن دینار سزادراون، تائێستاش 71 ھاووڵاتیش له‌ خورماتوو به‌ھۆی نه‌به‌ستنی ماسكه‌وه‌ به‌ بڕی 25 ھه‌زار دینار سزادراون .

PUKmedia عه‌داله‌ت میعاد

20/2/2021 20:03:00