سەرۆكی حكومەت:ئەو تیمەی دەچێتە بەغدا لەمن شارەزاترن

سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: ئەو ئەو وەفدەی هەرێم بۆ گفتوگۆو رێككەوتن سەردانی بەغدا دەكەن تیمی پسپۆڕن و زۆر لەمن شارەزاترن. دەشڵێت: حكومەت بەپێی ئەو داهاتەی دەستی دەكەوێت مانگانە مووچە دابەشدەكات، بەڵام مووچەكە وەك پێشتر نابێت. 

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی وەفدەكەمان لەگەڵ بەغدا كردویەتی ئامادەین بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی هەرێم تەسلیمی بەغدا بكەین.

لەبارەی دابەشكردنی مووچەشەوە رایگەیاند: هەموو 30 رۆژ جارێك مووچە بەپێی ئەو داهاتەی دەستدەكەوێت دابەشی دەكەین، بەڵام بەشێوەی جاران نابێت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەو وەفدەشی بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم چەند جارێكە بۆ گفتوگۆو رێككەوتن لەسەر بودجە سەردانی بەغدا دەكات، وتی: ئەو تیمە پسپۆڕن و زۆر لەمن شارەزاترن تا لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەن و دەسەڵاتیان هەیە بڕیاری پێویست بدەن و نەگەڕێنەوە بۆ بڕیاری هەرێم.

 ئەوەشی خستەڕوو: رۆژانە هەرێم 425 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە دەكات و هەر بەرمیلێك نەوتیش بەكەمتر لە 5 بۆ 6 دۆلار لەو نەوتەی سۆمۆ دەیفرۆشێت، ئێمە دەیفرۆشرین، بەڵام بەشێكی زۆری داهاتەكەی بۆ كرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پارەی ئەو كڕیارانەی پێشتر پارەیان لێوەرگیراوە دەڕوات. 

PUKmedia تایبەت 

 

 

10/2/2021 16:54:00