كەشناسی: لەسبەینێوە دوو شەپۆلی بەفرو باران دەستپێدەكات

كەشناسی هەرێم رایگەیاند دوو شەپۆلی بارانبارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوەو لە سبەینێوە شەپۆلی یەكەم دەستپێدەكات و  بڕی باران بارینیش لەناوچەكان جیاواز دەبێت و لەناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت. 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری درێژبوونەوەی دوو شەپۆلی باران بارین، شەپۆلی یەكەم لەڕۆژی پێنج شەممە دەستپێدەكات تا رۆژی هەینی و لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا باران بارین لە تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەبارێت، ئاستی باران بارینەكەش مامناوەند دەبێت و بڕی بارانی پێشبینیكراو لە ماوەی ئەم شەپۆلە لە نێوان (8 - 15) ملم لە سەنتەری پارێزگاكان و لە سەنتەری قەزاو ناحیەكانی ناوچە شاخاوییەكان لەسەروی (10- 22)ملم دەبێت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو: لە شەوی پێنج شەممە لە سەر هەینی بەفر بارین لە ناوچە شاخاویە سنورییەكان و ناوچە شاخاوییە بەرزەكان دەبێت، رۆژی هەینی كاریگەری ئەم شەپۆلە لە كاتەكانی ئێوارەدا كۆتایی دێت.

كەشناسی هەرێم لەبارەی شەپۆلی دووەمیش رایگەیاند: شەپۆلی دووەم  لە ماوەی نێوان ئێوارەی رۆژی یەك شەممە كاردەكاتە سەر ناوچەكەمان تا ئێوارەی رۆژی سێ شەممە لەم ماوەیەدا باران بارین لە زۆربەی ناوچەكان دەبێت، لەگەڵ باران بارین بارستە هەوایەكی سارد لە ناوەڕاستی ئەوروپاوە كار دەكاتە سەر ناوچەكەمان پلەكانی گەرما بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و لەناوچە شاخاویەكان بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی دەبێت.

دەشڵێت: بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان لە 1100 مەتر زیاترە،كاریگەری ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی رۆژی سێ شەممە لەسەر ناوچەكەمان بەلاوازی دەمێنێتەوە.

PUKmedia 

 

 

 

13/1/2021 19:57:00