سەرۆك كۆمار چوونەپاڵ رێككەوتننامەی پاریسی پەسەندكرد

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق چوونەپاڵ رێككەوتننامەی پاریسی بۆ كەشوهەوا-ی پەسەندكرد، لەمیانی واژووكردنی یاساكەدا سەرۆك بەرهەم رایگەیاند، پەسەندكردنی ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە كە رووبەڕووی گۆڕانكاری كەشوھەوا ببینەوە كە لە ئەنجامی پیسبوونی كەشوهەوادا دروستبووە.

سەرۆك كۆمار لە رۆژی ٢٠٢٠/١٢/١٢ لەمیانی وتارێكدا كە لە لوتكەی كەشوھەوای جیھانی دا پێشكەشی كرد رایگەیاند، ئەم هەنگاوە گەورەیە بووە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە پشتبەستن بە ھەمە جۆركردنی سەرچاوەی ئابووری و پاڵپشتیكردنی بەرهەمهێنانی ووزەی نوێ و خستنەگەڕی میكانیزمی تەندروست، بۆیە زۆر گرنگە لە پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و پاراستنی كەشوهەودا، پاڵپشتییەكی تەواو لە وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەتدا بكرێت، هەروەها بایەخێكی تەواویش بدرێت بە پەرەپێدانی توانای گەنجان و پشتیوانیكردنی ژنان.

هەر لە وتارەكەیدا سەرۆك بەرهەم راشیگەیاندبوو لەپێناو بەدەنگەوەهاتنی خێرای هەنگاوەكانی پەسەندكردنی ئەو رێككەوتننامەیە، عێراق دەستیكرد بە نووسینەوەی بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان (NDC) كە گوزارشتە لە نەخشە رێگای هەرە باڵای وڵات لە كاركردن لە بواری گۆرانكارییەكانی كەشوهەوادا، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ دامەزراندنی پایە بنەڕەتییەكانی ئابوورییەكی ژینگەپارێز.

شایەنی باسە ئەو لوتكەیە كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەھاوكاری بەریتانیا و فەرەنسا میوانداری كردبوو، بە بەشداری ٧٠ سەرۆك و سەركردەی جیھانی، بەبۆنەی ساڵیادی پێنجەم ساڵەی راگەیاندنی رێككەوتننامەی پاریس بۆ كەشوهەوا ئەنجامدرا.

PUKmedia نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆمار

13/1/2021 13:45:00