یه‌كێتی پشتیوانی بۆ كوردانی فه‌یلی دووپاتده‌كاته‌وه‌

دوكتۆر مه‌جید موحه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌ عیراقییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی كانوونی دووه‌م، به‌ ئاماده‌بوونی رابیجه‌ حه‌مه‌د، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی به‌غدا و ئه‌ندامانی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ عیراقییه‌كان سه‌ردانی باره‌گای به‌ره‌ی كوردانی فه‌یلییان كرد.

وه‌فدی په‌یوه‌ندییه‌ عیراقییه‌كان له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یاندا  بۆ باره‌گای به‌ره‌ی كوردانی فه‌یلی، له‌لایه‌ن ماهیر فه‌یلی، ئه‌مینداری گشتی به‌ره‌ی كوردانی فه‌یلی و نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی كوردانی فه‌یلی و كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی كه‌ڕو لاڵه‌كان و رێكخراوی زیندانیانی سیاسیی فه‌یلییه‌كان و به‌رپرسانی ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی فه‌یلی نیوزه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا ئه‌و هه‌وڵانه‌ تاوتوێكران كه‌ به‌ره‌ی كوردانی فه‌یلی داویانه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

لای خۆیانه‌وه‌ وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان باسیان له‌ڕۆڵ و خه‌باتی كوردانی فه‌یلی كرد و جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی یه‌كێتیی نیشتمانییه‌ پاڵپشتی و پشتیوانی له‌ كوردانی فه‌یلی بكات، ئاماژه‌شیان به‌وه‌ كرد كه‌كوردانی فه‌یلی به‌شێكن له‌گه‌لی كوردو خاوه‌نی یه‌ك ناسنامه‌ن جا چ له‌ناو هه‌رێم بن یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، هه‌روه‌ها جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی رابه‌ری مه‌زن و سه‌رۆكی كۆچكردوو مام جه‌لال ده‌بن له‌ پیشتوانیكردنییان له‌كوردانی فه‌یلی.

په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌، هه‌ردوو لا ئاماژه‌یاندا به‌گرنگی هاریكاری و هاوكاری هاوبه‌شی نێوانیان، هه‌روه‌ها هه‌ردوو لا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن به‌رده‌وامی به‌ دیدارو كۆبوونه‌وه‌كان بده‌ن و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لدا هه‌ڵویست  و دیدگایان یه‌كبخه‌ن.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا، به‌ره‌ی كوردانی فه‌یلی سوپاسگوزاری خۆیان بۆ وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ جوانه‌كه‌یان و گیانی برایه‌تییه‌یان.

PUKmedia   به‌غدا

 

4321.jpg

12/1/2021 18:24:00