هۆشداریی لەسەر تەلی حاجەت شۆردن دەدرێت

سەبارەت بەمەترسی بەكارهێنانی تەلی حاجەت بۆسەر تەندروستی مرۆڤ هۆشیاری دەدرێت و سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی-یش داوا لە خانمان دەكات بەوریاییەكی زیاترەوە تەلی حاجەت بەكاربهێنن تا لە مەترسی پارچەبوون و تێكەڵ بوونی بەخواردنەكان پارێزراوبن.

لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە مەترسییەكانی كەمتەرخەمی لە بەكارهێنانی تەلی حاجەت شۆردن هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، پێكهاتەی تەلی شۆردنی حاجەت (ئەو دەفرانەی خواردنیان تیادا ئامەدەكرێت) لەوردە ئاسن پێكهاتووە بۆیە پێویستە بە وریاییەكی زۆرەوە بەكاربهێنرێت چونكە، هەندێك جار پارچەی لێ دەبێتەوە و تێكەڵی خواردن دەبێت ئەمەش لەشی مرۆڤ توشی ژەهراوی بوون دەكات.

وتیشی: لەكاتی قوتدانی تەلەكە لەگەڵ خواردنەكان، ئەگەری زۆرە لە بۆرییەكانی هەناسە، ریخۆڵە یان دیواری گەدە بچەقێت، دەبێتە هۆی هەوكردن و دروست بوونی برین.

راشیگەیاند: تەلی حاجەت لەكاتی چوونە ناو گەدە لەگەڵ ترشەكان كارلێك دەكات و بەدروستكردنی ماددەی نوێ دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون و بەرزبوونەوەی تۆكسین و رێژەی كانزا قورسەكان لە جەستەی مرۆڤدا.

رونیشكردەوە: لەبەر ئەو كاریگەریانەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت و تەندروستی سلێمانی رێگری لە بەكارهێنانی تەلی حاجەت دەكەن لە شوێنە گشتییەكان وهەروەها پێشیان وتراوە نابێت مەنجەڵی تیڤاڵی و سینی داخوراو بەكاربهێنن.

لەشكر حەمید داواش لەخانمان دەكات بۆ سەلامەتی تەندروستی خۆتان و خێزانەكەتان، لەكاتی شۆردنی دەفرەكان و پێداویستییەكانی دیكەی ئامادەكردنی خواردەمەنی بەوریاییەكی زیاترەوە تەلی حاجەت بەكاریبهێنن تا لە مەترسی پارچەبوون و تێكەڵ بوونی بەخواردنەكان پارێزراوبن.

سەرۆكی لیژنەكان كە هاوكات ئەندازیاری خۆراكە، هۆشیاری بەدوكان و ئەو شوێنانە دەدات كەخواردن تیایدا ئامادە دەكرێت و دەڵێت: بۆ خاوێنكردنەوە و شۆردنی ئەو دەفر و پێداویستیانەی لە ئامادەكردنی خواردەمەنیدا بەكاردەهێنرێت ئەو تەلی حاجەتە بەكارنەهێنن كە لەوردە ئاسن دروستكراوە، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

PUKmedia راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

24/11/2020 21:46:00