لاهور شێخ جەنگی و سەرپەرشتیاری یەكە تایبەتەكانی هێزی هاوپەیمانان كۆبوونەوە

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و ژەنەراڵ ئێریك هیڵ، سەرپەرشتیاری یەكە تایبەتەكانی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كۆبوونەوە.

لەو دیدارەدا ژەنەراڵ هیڵ پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی یەكێتی كرد و ڕۆڵی سەركردایەتی نوێی لاهور شێخ جەنگی بەرز نرخاند.

لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق جەختیانكردەوە كە پێویستە حكومەتێكی خزمەتگوزار و گشتگیر بێت. سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و سوریا لە ڕووی ئەمنییەوە، لاهور شێخ جەنگی و ژەنەراڵ ئێریك هیڵ هاوڕابوون لەسەر ئەوەی داعش هێشتا مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ناوچەكە. بە تایبەت كە توانیوویەتی سود لە كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی و كۆرۆنا وەربگرێت بۆ ڕێكخستنەوەی شانە تیرۆریستییەكانی.

لای خۆشییەوە ژەنەراڵ هیڵ، كار و چالاكییەكانی دەزگای دژە تیرۆری بە گەورە و گرنگ ناوبرد كە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بێ وچان و شانبەشانی هێزەكانی ئەمریكا، لە دژی گروپە تیرۆریستیەكان لە شەڕدان.

ژەنەراڵ هیڵ وتیشی، دەزگای دژە تیرۆر لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەكاندا ڕۆڵێكی كاریگەر و باڵایان هەبووە. دووپاتیكردەوە هێزی هاوپەیمانان ئامادەن بۆ هەموو چالاكییەكی هاوبەش لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر و هەمیشە پاڵپشتییان دەكەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر بۆ عێراق و ناوچەكە.

 

 

PUKmedia  تایبەت 

 

98484482_2598321743755759_8925547764620722176_o.jpg

99427595_2598321817089085_1130773492132741120_o.jpg

21/5/2020 19:34:00