ده‌رئه‌نجامه‌كانی وازهێنان له‌خوێندن

وه‌ك ده‌گووترێت نرخی زێڕ لای زێڕنگه‌ره‌، نرخی په‌روه‌رده‌و خوێندینش لای دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی په‌وه‌رده‌یه‌. خوێندن و  مه‌ڵبه‌ندی خوێندن وه‌ك بانك وان بۆ خوێندكار، پڕن له‌ زاست و زانیاری، به‌ڵام له‌كوردستان به‌‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ خوێندن ئه‌و پیرۆزییه‌ی نه‌ماوه‌ و گرنگی لای خوێندكار له‌ده‌ستداوه‌.
به‌م هۆیه‌وه‌ ڕێژه‌ی وازهێنانی خوێندكار له‌ خوێندن له‌ زیادبوندایه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین هۆكار، په‌ره‌ سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیا، به‌داخه‌وه‌ له‌ كوردستان توانراوه‌ سود له‌ دیوه‌ خراپه‌كه‌ی وه‌ربگیرێت و له‌ خزمه‌تی خوێندن و كۆمه‌ڵگا به‌كار نه‌یه‌ت، وایكردوه‌ خوێندكار زۆرترین كاتی به‌ ته‌كنه‌لۆژیا به‌سه‌ر به‌رێت و ته‌ركیز نه‌خاته‌ سه‌ر خوێندن ، به‌م جۆره‌ ئاستی زیره‌كی خوێندكاری هێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌و دواكه‌وتووه‌ له‌ خوێندن ، سه‌ره‌نجام خوێندكار وازی له‌خوێندن هێناوه‌.
 خراپی كوالێتی خوێندن و كه‌می پێداویستی خوێندن و نزمی زانست و ئاستی مامۆستاو بایكۆتكردنی خوێندن و نه‌بوونی مووچه‌ی مامۆستا  هۆكارێكی تری وازهێنانی خوێندكاره‌.
هۆكارێكی تر خراپی گوزه‌رانی هاووڵاتیانه‌، ئه‌گه‌ر گوزه‌رانی هاووڵاتیان له‌و دۆخه‌دا بێت بێگومان وازهێنانی خوێندكار له‌ خوێندن زیاتر ده‌بێت. چونكه‌ دایكوباوكان ناتوانن وه‌ك پێویست پێداویستیه‌كان بۆ منداڵه‌كانیان دابین بكه‌ن، خێزان هه‌یه‌ له‌ دوو خوێندكار زیاتری هه‌یه‌، توانای دابینكردنی ئه‌و هه‌موو پێداویستیه‌ی نابێت.ئه‌مه‌ش مه‌ترسی هه‌یه‌ ناكرێت هیچ لایه‌نێك له‌ ئاستیدا بێده‌نگ بێت، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ .ساڵانه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆری خوێندكاری زانكۆو په‌یمانگا خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و دانامه‌زرێن و بێكارن ، ئه‌م هۆكاره‌ش كاریگه‌ری كردۆته‌ سه‌ر ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌ خوێندندان ،وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ داهاتوویان ڕون نیه‌ و واز له‌ خوێندن دێنن.خراپی دۆخی سیاسی و نادیاری داهاتوی كوردستان و بێكاری و كۆچكردنی گه‌نجان و په‌ڕینه‌وه‌ بۆ سنورێكی تر هۆكارێكی دیكه‌ی وازهێنانی خوێندكاره‌ له‌ خوێندن، گه‌نجانی كورد وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ داهاتوویان له‌ كوردستان لێڵه‌و له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپا ژیانیان مسۆگه‌رترو ئاینده‌یان دیارتره‌.
 ‌هه‌روه‌ها نزمی ئاستی زانكۆو په‌یمانگاكان و ورگرتنی پاره‌ له‌ خوێندنی ئێواران ، نه‌بونی توانای دابین كردنی ئه‌و پاره‌یه‌، وایكردوه‌ خوێندكار له‌ خوێندن بێزار بێت و واز له‌ خوێندن بێنێت وبه‌ره‌و داهاتوویه‌كی نا ڕوون هه‌نگاو بنێت . كه‌واته‌ زامنكردنی ئاستی په‌روه‌رده‌ی ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ زیادبوونی ئه‌و مه‌ترسیه‌ پێویسته‌ چاو به‌ سیسه‌ته‌می په‌روه‌رده‌ خشێرنێته‌وه‌ له‌ دابینكردنی پێداویستی خوێندن و گوێگرتن له‌ داواكارییه‌كانیان ، هه‌روه‌ها دابینكردنی داهاتووی مامۆستا هه‌موو ئه‌مانه‌ش  ئه‌ركی حكومه‌ته‌و ده‌بێت به‌ده‌م داواكاریه‌كانیانه‌وه‌ چێت وپرۆسه‌ی خوێندن به‌ره‌و پێش ببات.

PUKmedia  / چنار عه‌زیز

55555.png

19/5/2020 18:45:00