هێڵی‌ گه‌رم بۆ‌ فریاكه‌وتنی‌ منداڵان ته‌رخان ده‌كرێت

ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌25-3-2020 به‌سه‌رپه‌رشتی‌ عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سلێمانی‌ و ئاماده‌بوونی‌ ژیار جه‌لال مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سلێمانی‌‌و ئیبراهیم ته‌یب، به‌رپرسی‌ هێڵی‌ گه‌رمی‌ فریاكه‌وتنی‌ منداڵان‌و ژماره‌یه‌ك له‌ توێژه‌رانی‌ هێڵه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ ڕێكخستنی‌ به‌رنامه‌كانی‌ هێڵه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو به‌جۆرێك له‌ كاتی‌ خۆپارێزی‌ له‌ په‌تای‌ كوشنده‌ی‌ كۆرۆنا باشتر خزمه‌ت به‌ منداڵان‌و خانه‌واده‌كانیان بكات.

له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ڕاگه‌یاند:" هێڵه‌كه‌ ڕۆژو كاته‌كانی‌ وه‌رگرتنی‌ په‌یوه‌ندی‌ منداڵان‌و خێزانه‌كانیان زیاد ده‌كات به‌جۆرێك به‌ درێژایی‌ ڕۆژ له‌ سه‌عات (8.30) به‌یانی‌ بۆ (6.00)ی‌ ئێواره‌و به‌ درێژایی‌ هه‌فته‌ به‌ ڕۆژی‌ هه‌ینی‌ و شه‌ممه‌شه‌وه‌ كار بكات، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی‌ باشتر سودگه‌یاندن به‌ منداڵان‌و خێزانه‌كان و باشتر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ خۆپارێزی‌ له‌ نه‌خۆشی‌و په‌تای‌ كوشنده‌ی‌ كۆرۆنا، هاوتای‌ ڕێنمایی‌و بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌ت".

له‌باره‌ی‌ شێوازی‌ كاركردنی‌ هێڵه‌كه‌ش عومه‌ر گوڵپی‌ وتی‌ :" منداڵان‌و خێزانه‌كانیان له‌ ڕێگه‌ی‌ تۆڕه‌كانی‌ په‌یوه‌ندییه‌وه‌ بێ به‌رانبه‌ر ده‌توانن ژماره‌ 116 لێ بده‌ن‌و له‌گه‌ڵ هێڵه‌كه‌ قسه‌ بكه‌ن، هێڵه‌كه‌ش له‌ ڕێگه‌ی‌ توێژه‌رانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ده‌رونییه‌وه‌ ڕاوێژی‌ دروست ده‌دات به‌ منداڵ‌و خێزانه‌كان له‌باره‌ی‌ كێشه‌كانیان هه‌روه‌ك له‌ پرۆسه‌ی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیشدا ئه‌و كاته‌ی‌ پێویست ده‌كات كێشه‌كان ئاراسته‌ی‌ دام‌و ده‌زگای‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كرێن، هه‌روه‌ك هیڵه‌كه‌شمان ڕاسپاردووه‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كۆرۆناو ڕێنمایی‌ هاووڵاتیانه‌وه‌ ته‌نها پشت به‌ بڕیارو ڕێنماییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ببه‌ستن كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌".

هێڵی‌ گه‌رمی‌ فریاكه‌وتنی‌ منداڵان، یه‌كێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ وه‌زارتی‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و منداڵان‌و خێزانه‌كانیان ده‌توانن ڕاسته‌وخۆ له‌ هیڵه‌كانی‌ (نۆرمه‌ڵ، كۆڕه‌ك‌ تیلیكۆم، ئاسیاسێل‌)ه‌وه‌ به‌بێ هیچ تێچوویه‌ك په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ بكه‌ن‌و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌و گرفته‌كانیان بكه‌ن و زانیاریی‌ دروست وه‌رگرن و به‌دوای‌ چاره‌سه‌ردا برۆن.

PUKmedia

25/3/2020 21:20:00