داواكاری گشتی راپەڕین هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتیان

فەرمانگەی داواكاری رایگەیاند: هەر هاووڵاتییەك ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبكاتەوە دادگایی دەكرێت و بازرگان و دوكاندارەكانیش نرخی خۆراك گران بكەن رێكاری یاسایان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

بەپێی نوسراوەكەی داواكاری گشتی راپەڕین كە ئەمڕۆ 25ی ئاداری 2020 دەرچوەو ئیمزای دادوەر عەبدولڕەحمان خزر حەمەد لێپرسراوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواكاری گشتی راپەڕینی لەسەرەو ئاڕاستەی هاووڵاتیان و بازرگان و دوكاندارانی سنوری ئیدارەی راپەڕین كراوەو وێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووە، تیایدا دەڵێت: لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەعیراق و بەتایبەت لەهەرێمی كوردستان، شەو رۆژ هێزە ئەمنییەكان و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لەئەركدا بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی ئێوە، بۆیە پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت.

دەشڵێت: پێویستە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بن سەبارەت بە روبەڕووبنەوەی ڤایرۆسەكەو بەپێچەوانەوە هەر هاووڵاتیەك ببێتە هۆكاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لەخاڵێكی تری نوسراوەكەدا هاتووە:داواكارین لەبازرگان و دوكاندارەكان كە خۆراك و كاڵاو شمەك گران نەكەن و بەپێچەوانەوە رێكاری یاسای دەگرینەبەر بەرامبەر كەسی سەرپێچیكار.

  PUKmedia تایبەت 

 

8696969.jpg

25/3/2020 19:14:00