دەزگای مرۆیی مام نوێبونەوەی یەكێتی لەسەردەمی كۆرۆنادا

سەرچاوەیەك لەنوسینگەی سەرۆك مام جەلال بە راگەیاندنەكانی وت "بەهۆی مەترسییەكانی نەخۆشی كۆلێرا لە سلێمانی سەرۆك مام جەلال ئەم هەفتەیە لە كوردستان دەمێنێتەوە تا ئەم دۆخە ناخۆشە تێپەڕ دەبێت". وەك میدیاكان وتیان دوای رەوینەوەی مەترسی كاتمان زۆر دەبێت بۆ دیدارە سیاسییەكان لە بەغدا.

ئەمە ساڵی 2007 بوو كە ئەگەری  بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا لە سلێمانی لە ئارادا بوو،. مامی گەورە وتبووی لە ناو میللەتەكەم دەمێنمەوەو پێكەوە ئەم ناخۆشییە تێدەپەرێنین.

ئەو نەخۆشییە و زۆری تریشمان تێپەڕاندو هی زۆری دیكەش تێدەپەڕن، مادام یەكێتی هەر لە ناو میللەتەكەی دەمێنێتەوە و نان و ئاو ، خۆشی و ناخۆشیان لەگەڵ بەش دەكات و ئاوێزانی خەون و خەیاڵ، خەم و پەژارەیان دەبێتەوە.

ئەمە كلتورێكی شۆڕشگێڕی و میراتێكی یەكێتیانەیە و لەهەر وێستگەیەكدا خۆی نوێدەكاتەوە. كەلتوری دەوڵەمەندی سەرۆكی نەمر مام جەلال-ە.

دەزگای مرۆیی مام  هەڵگری ئەو ناوە گەورەیەیە، رۆحی ئەو كلتورە بەرجەستە دەكاتەوە. لەجیاتی چاوەڕێی مەراسیمی كردنەوەو دەستبەكاربوون بكات ، لە ناو جەرگەی تەنگژەدا هیمەت دەكا، خۆی تاقیدەكاتەوەو دەبێتە ناونیشانی یەكێتی نوێ لە زەمەنی كۆرۆنادا.

كەمتر لە دوو هەفتەیە دەزگای مرۆیی مام بۆتە تایتڵی هەواڵە رۆح سووكەكانی راگەیاندن لە زەمەنی كۆرۆنادا، لەهەر كوێیەك پێویستی هەبێ لەوێیە، لەهەر جێگایەك تیمەكانی فەرماندەو پێشمەرگە ئازاكانی كەرتی تەندروستی كوردستان رووبەروو شەڕی نەخۆشی و ناخۆشی ئەم ڤایرۆسە دەبنەوە، دەزگای مرۆیی مام لەوێیە، تەقەمەنی هێزی ئامادەی ئەمجارە پێداویستی تەندروستی

و دەوا و دەرمان و خۆراكی فریاگوزارییە.

گەنجە خۆبەخشەكانی دەزگاكە بێ قەرەباڵەغی و هەڵلای نا بەجێ وەك فریادڕەس تەداروكاتی خۆیان پێشكەش دەكەن. هیمەت و توانایان لەگەڵ هەموو ئەوانە تێكەڵ دەكەن كە ئامادەی هیمەتن و دەستیان واڵایە بۆ هەموو ئەوانەی ئامادەی دەستپێشخەری و پشتیوانی ماددی و مەعنەوین. لە خێرخوازان و سەرمایەگوزارانی نیشتمانی تا ئینجی ئۆكان و خۆبەخشانی كۆمەڵی مەدەنی.

چالاكی دەزگاكە گشتگیرەو كوردستانییە، زۆنی سەوزی روماڵ كردووەو گەیشتۆتە كەركوكی جێ ناكۆك، لەوێش ئیدارەی محەلی شارەكە نایەوێ و ناتوانێ لە نەیاری سیاسییەوە خۆی تێوەبگلێنێ. ماوەتەوە  لە هەولێر و بادینانیش   فەزای پەرۆشی خزمەتگوزاری و خزمەتی خەڵكەكە هاندەری هەموو لایەك بێت. كە بەپیری خزمەتەكانی دەزگای مرۆیی مامەوە بێن. 

دەزگای مرۆیی مام رۆحی سیاسەتی خزمەتگوزاری یەكێتی بەرجەستە دەكات و ناونیشانی لە خۆبردووی و پەرۆشی یەكێتیانەیە، ئاماژەیە بۆ سیاسەت و دەستپێشخەری و ناساندنەوەی نوێبوونەوەی یەكێتی كە خۆكەرەنتینەی گشتی رێگە ناگرێت لە دەستپێكردنی ئەجیندای تازەی. ئەجیندای سەرۆكایەتییە تازە و گەنجەكەی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە، چونكە ئەسڵەن سیاسەتی تازە هەر سیاسەت نییە بۆ سیاسەت ، بەڵكو سیاسەتە وەك  خزمەتی گشتی و بە هاناچوونی گەل لە كاتی تەنگژە و لێقەوماندا.

سیاسەت هەر ململانێی حەریفەكان نییە بەڵكو دەستپێشخەری و پێشبڕكێی خزمەتە.

PUKmedia بەدواداچوونی  كوردستانی نوێ

 

 

 

 

 

 

25/3/2020 16:08:00