ئایا هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا؟

لەمێژووی هاوچەرخماندا زۆربەی بڕیارەکانی جینۆسایدکردنی کورد لەکوردستانی عیراقدا لەبەغداوە بوو.

بەشی ئەم گەلە لەسایەی حوکمڕانی دیکتاتۆریەتدا چەوسانەوە بوو. تا ئەو رۆژەی سەنەمی سەدام رووخاو کورد بە رۆحیەتێکی نوێوە روویان کردەوە بەغدا بەهیوای ژیانێکی نوێ. 

لەدوای دوو دەیە لە پرۆسەی ئازادی کاتی ئەوە هاتوە وڵامی ئەو سەفەرە بدرێتەوە کە شاعیری گەورەی گەلەکەمان شێرکۆ بێکەس بەهیواوە هۆنراوەی ( هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا) ی نووسی.

بە بڕوای من هێشتا لەکۆنەستی عیراقیەکاندا ئاگایی لە ژان و تراژیدیای کورد نیە. هێشتا وێنەکانی هەڵەبجە راچڵەکینی لەلا دروست نەکردون. هێشتا بڕوایان بە مەرگی ژیان و درەخت و باڵندەو مرۆڤ و ئاژەڵ و خنکانی ئەو هەموو کانیانە نیە.

کەواتە ( دجلە لەبەر پێی هەڵنەساوە)و بەغدا هێشتا کڵاوەکەی ( جەواهیری) لەسەر نەکردوە.

رام وایە ئۆباڵی بەشێکی نائاگایی و خەفڵەتە ناکامڵی چوونەوەی کورد بوو بۆ بەغدا.

دوای ساڵێک ژیان و کار لەناو کۆمەڵگای بەغدادا ئەو راستیەم لا چەسپا کە جگە لە سەرۆک کۆمار کە کوردە دامەزراوە گشتیەکانی عیراق لە ساڵیادی هەڵەبجەشدا ئامادەی راگەیەنراوێکی فەرمیش نین.

لەم رۆژەدا سەکۆنەکردنی پەرلەمان و حکومەتی ئیتحادی دەکەم.

ئەمەو چ جای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان رایی کردنی بەرپرسیارێتیان لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی دەوڵەتی عیراق لەگەلی کوردیان کرد.

هێشتا زۆرینەی عیراقیەکان بڕوایان نەهێناوە کە ۱۸۲٠٠٠ مرۆڤ لەشاڵاوەکانی ئەنفالدا لەو جنوبە زیندەبەچاڵ کراون. خەم ساردی و بێئاگاییان دەرهەق بە ئێمە هەڵگری خەمێکی قوڵ و مەترسیەکی زیندوە بۆ ئەگەری تاوانی تر لە ئایندەدا.

کەواتە ئەتوانین بڵێین هێشتا هەڵەبجە نەگەیشتوەتە بەغدا!

سالار مەحمود

16/3/2020 15:59:00