عیراق.. بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لەنێوان پیاهەڵدان و رەخنەلێگرتن

هاوكات لەگەڵ تۆماركردنی حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەعیراق  و وڵاتانی دەوروبەر، ئەو رێكارو رێوشوێنە خۆپارێزییە تەندروستییانەی كە  بۆ بەرەنگاربوونەوە لەدژی ڤایرۆسەكە گیراوەتەبەر، بۆتە جێی مشتومڕ و گفتوگۆی ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكان، لەم روەوە، بۆچوونەكان بۆ دوو بەرە دابەشبوون: هەندێك پێشوازی لە رێوشوێنە خۆپارێزەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن و داواش دەكەن رێكارەكان توندتر بكرێت و هەنگاوی كاریگەتر  بۆ رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگیرێتەبەر.

هەندێكی دیكە وای بۆدەچن كە كارەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەو بوارەدا لە ئاستێكی لاوازدایە.

دكتۆر حەیدەر موعتەز موحی لێكۆڵەر لەبواری بایۆلۆجی و ژینگە، لە لێدوانێكدا بۆ PUKmedia دەڵێت: رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندوە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێبوەوە زۆر بەخێرایی تەشەنەی سەندوەو زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە.

دكتۆر موعتەز جەختیش دەكاتەوە كە ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسەكە گەیشتۆتە ئاستێك كە نابێت بەهەند وەرنەگیرێت، بەشێوەیەكە ژمارەی توشبووان لەجیهاندا بەدەیان هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

دكتۆر حەیدەر دەشڵێت: هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسەكە، ژمارەی گیان لەدەستدان زیاد دەكات. دوكتۆر لەبارەی ئەو پرسەوە،  سەرنجمان دەخاتە سەر هاوكێشەیەكی ماتماتیكی، كە ئاماژەن بە بایەخی ئەو ژمارانە، بۆیە پێویستە رێوشوێنی زۆر كاریگەرتر لەپێناو رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بگیرێتەبەر.

ئەو لێكۆڵەرەی بواری ژینگە و بایۆلۆجی ئاماژە بەوە دەكات كە رێكارەكانی شانەی قەیرانی سەر بەحكومەتی فیدڕاڵی، لە ئێستادا تا رادەیەك لەئاستێكی باشدایە، بەڵام لەمەودوا ئەو رێوشوێنانە كەمن، چونكە چ لەبواری هۆشیاریكردنەوە، هەروەها لە ئامێرو تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو كەموكورتی هەیە، پێویستە ئەو پێداویستییانە بۆ وەزارەتی تەندروستی فەراهەم بكرێت و بخرێتە بەردەستی كادێری تەندروستی،  لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان لە ڤایرۆسەكەو و رێگریكردن  و پێشگرتن  لەبڵاوبوونەوەی. لەڕووی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و رۆشنبیری تەندروستی لەناو هاووڵاتیاندا هەژارین، لەم روەوە دەكرێت هاووڵاتیان لەڕووی هۆشیاری و بەكارهێنانی مادە پاكژكەرەوەكان و زانیاری گشتییەوە، بەتایبەتی لە دامەزاروە حكومییەكاندا، بەم شێوەیە پۆلێن بكرێن (رۆشنبیر، نا ڕۆشنبیر، نەزان).

دكتۆر موحی پێداگیری لەوە دەكات كە دانەخستنی دەروازە سنوورییەكان و بەردەوام بوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتن و چوونی هاووڵاتیان لەنێوان ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبوەتەوە، هۆكارن بۆ بڵاوبوونەوە و توشبوونی هاووڵاتیان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەعیراق، بەتایبەتی وڵاتانی (چین و ئێران و ئیتاڵیا) كە بەفراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی تێدا بڵاوبوەتەوە.
دوكتۆر موحی پێداگریش دەكات كە پێویستە حكومەتی عیراق تێكڕای سنوورە ووشكانی و ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دابخات كە توشبوون بەڤایرۆسەكەی تێدا تۆماركراوە، ئەو هاووڵاتیانەش كە دەگەڕێنەوە پێویستە بخرێنە كەرەنتینەو پشكنینی پێویستیان بۆ ئەنجام بدرێت.

بەهەمان شێوە،دكتۆر شوكری حەسەن شارەزای بواری ژینگە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ PUKmedia وتی: لەبارەی  ئەوەی نەخۆشیەكە وەك پەتایەكی جیهانی رابگەیەنرێت یان نا، ئەوە پرسێكی تایبەتە بەرێكخراوی تەندروستی جیهانی، رێكخراوەكە بەپێی پێوەرەكانی تایبەت بەخۆی، مەزەندەی دۆخەكە و حاڵەتەكانی توشبوون بەڤایرۆسەكە لەجیهاندا دەكات.

حەسەن وتوشیەتی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەو خێراییە و نەدۆزینەوەی چارەسەر، ئاماژەیە بۆئەوەی بەم نزیكانە نەخۆشیەكە وەك پەتایەكی جیهانی رابگەیەنرێت. بەجێهێنانی ئەركەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و شانەی قەیران لەبەرامبەر بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئاستێكی وادا نییە، هەروەها لەئاستی قەبارەی دۆخەكەشدا نەبووە، بۆیە نەشیتوانیوە پێش بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بگرێت.

دكتۆر شوكری دەشڵێت: بڕیارەكانی حكومەت و شانەی قەیران شڵەژاوییەكی پێوە دیارەو، كەلێن و كەلەبەر لەناو بڕیارەكاندا بەدیدەكرێت، بڕواشم وایە خاوەخاوی لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكان، و دانەخستنی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان رۆڵی لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسەكە لەعیراقدا هەبووە.

شارەزاكەی بواری ژینگە پێداگیری لەسەر پێویستی گرتنەبەری توندتری كەرەنتینە و داخستنی دەروازە سنوورییەكان بۆ ماوەی هەفتەیەك دەكاتەوە،هەروەها رێگریش بكرێت لە هاتنی خەڵك بۆ عیراق. پێویستە وەزارەتەكانی تەندروستی و راگەیاندنی حكومەتی فیدڕاڵی هەوڵەكانیان بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بەردەوام بێت.  هەروەها پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان چاودێرییەكی توندو بەردەوامیان هەبێت، دۆخەكە بەئاسایی وەرنەگرن، چونكە ئەم ڤایرۆسە كوشندە و مەترسیدارە.

لەلای خۆشیەوە، دكتۆرە بەسمە مستەفا ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لەعیراق لەلێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگەیاندوە، دروستكردنی شانەی قەیران لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە لەم بارودۆخەدا،كارێكی پێویست بوو، بەتایبەتی لەدۆخی ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و توشبوونی هاووڵاتیان لەژمارەیەك پارێزگای عیراقدا.

دكتۆرە بەسمە روونیشی دەكاتە، هەندێك كەمتەرخەمی لەكارەكانی شانەی قەیراندا بەدیدەكرێت، بەڵام سروشتییە ئەگەر كەمتەرخەمی لەهەندێك لەرێكارەكاندا هەبێت،   بەتایبەتی ماوەیەكی زۆرە،  عیراق یەكەم جارە رووبەڕووی  مەترسییەكی راستەقینەی وەها دەبێتەوە.

دكتۆرە بەسمە ئاماژە بەپێویستی بوونی شانەی قەیران دەكات، كە تا ئاستێك رۆڵی باشی بینیوە لە رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، ژمارەی توشبووانیش بەڤایرۆسەكە بەبەراورد بەوڵاتی ئێران و وڵاتانی دیكەی توشبوو بەڤایرسی كۆرۆنا كەمە. 

ئەندامەكەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عیراق پێداگری لەگرنگی بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری تەندروستی دەكات، لەم دۆخەشدا بەكارێكی زۆر پێویستی دەزانێت. روونیشی دەكاتەوە  ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە،  دەرئەنجامی كەمتەرخەمی هەندێك لەو خێزانانەیە كە بەهۆكاری تایبەت لایەنە تەندروستی و پەیوەندیدارەكانیان لە روودانی حاڵەتی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەناو خێزانەكانیان ئاگادار نەكردوەتەوە، ئاگاداركردنەوە بە نەخۆشیەكەو توشبووەكان ئەركێكی مرۆڤایەتییە، نموونەی  ئەو خێزانەی شاری كەربەلا، كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە خانمێك لەو خێزانە گیانی لەدەستدا، دواتر  تێكڕای ئەندامانی ئەو خێزانە خرانە كەرەنتینەوە، چونكە هەموویان ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسەكەیان هەبوو.

دكتۆرە بەسمە راشیدەگەیەنێت، كارو ئەركەكان تەنها لەسەر شانی حكومەت نییە، بەڵكو لەم بارودۆخەدا ئەركی سەرشانی هاووڵاتیان گرنگترە،بەتایبەتی لەكایەكانی گرنگیدان بەپاكوخاوێنی و پاكژكردنەوە, و ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەو حاڵەتانەی كە  گومانیان لێدەكرێت، چونكە  ئەمە پرسێكە پەیوەندی بەهەموو ئەندامانی خێزانەكانەوە هەیە، ئەگەریش هەیە نەخۆشیەكە بۆ هاووڵاتیانی دیكە بگوێزرێتەوە بەتایبەتی كەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو.

ئەندامەكەی مافی مرۆڤی عیراق، داوا  لە وەزارەتی تەندروستی  دەكات هاووڵاتیان لەگرنگی و بایەخی كەرەنتینەكان هۆشیار بكاتەوە، هەروەها رەواندنەوەی ترسی  هاووڵاتیان لەهێشتنەوەیان لە كەرەنتنیەكان، دواجار  كەرەنتینە زیندان نییە، پێویستە لە كەرەنتینەكان رەچاوی رێزگرتن لە پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ بگیرێت، چونكە كەسی توشبوو تاوانبار نییە، بەڵكو نەخۆشێكەو پێویستی بە سەرپەرشتی تەندروستی و دەروونی هەیە.

ئەو ئەندامەی مافی مرۆڤی عیراق هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەرچوونی سەدان هاووڵاتی گومانلێكراو بەنەخۆشیەكە لە كەرەنتینەكان  بەزر دەنرخێنێت.

هەروەها بەرزنرخاندنی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق لە گواستنەوەی دۆخی كەرەنتینەكان لە هەرێمی كوردستان، گرنگی و رۆڵی كاریگەری ئەو كەرەنتیانانە لەپاراستنی ژیانی هاووڵاتیان.

دكتۆرە بێجگەلە ئاماژە كردن بەترسناكی نەخۆشیەكە، ئاماژەش بەوە دەكات كە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عیراق شانەی قەیرانی تایبەت بەخۆی دروست كردووە، سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن و حاڵەتەكانی توشبوون بەڤایرۆسەكە تۆمار دەكەن. بۆ پاراستنی كارمەندەكانیان كۆمسیۆن رێگە بە كارمەندەكانی نادات سەردانی  كەرەنتینەكان بكەن، كە تێیدا ئەوانەی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆناوە یان گومانی توشبوونیان لێدەكرێت لە كەرەنتینانە هێڵراونەتەوە.

PUKmedia هامیار علی
وەرگێڕان/ عمر رشید

12/3/2020 17:34:00