كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ پیرۆزبایی له‌ ژنان ده‌كات

به‌ بۆنه‌ی 8 مارس ڕۆژی جیهانی ژنان،كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی كچان و ژنانی كورد ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

له‌ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م كچان و ژنانی كورد ده‌كه‌م و دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌پێویسته‌ده‌رفه‌تی یه‌كسان بڕه‌خسێنرێ بۆ ژنان تا بتوانن تواناكانیان وه‌ده‌ربخه‌ن.

له‌ شۆڕشه‌كانی كورد، له‌ خه‌باتی نهێنی كورد له‌ شاره‌كان و له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی خۆماڵیدا ژنانی كورد توانیویانه‌ قاره‌مانانه‌ هاوشانیبراكانیان له‌ڕیزه‌كانی خه‌باتدا كاربكه‌ن و بیسه‌لمێنن كه‌ ده‌توانن خزمه‌ت بكه‌ن، مێژووی كورد پڕیه‌تی له‌ چیرۆكی ژنانی قاره‌مان و تێكۆشه‌ر،نه‌ زیندانی كردن، نه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتن و ته‌نانه‌ت له‌ سێداره‌دانیش نه‌یتوانی له‌ خه‌بات كردن بیانوه‌ستێنێ، له‌ شاخیش هاوڕێ له‌گه‌ڵپیاوان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان چه‌كی شه‌ره‌فیان كرده‌ شان و به‌رگریان له‌ كوردو كوردستان كرد.

ئه‌مڕۆش له‌كایه‌كانی حوكمڕانی، له‌نێو ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا، هاوشانی پیاوان، ژنانیش ڕۆڵیدیارو به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگاو پێشخستنی، ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر هه‌موومان ده‌رفه‌تی زیاتریان بۆ بڕه‌خسێنین تا پێشبكه‌ون وبه‌توانا له‌بن نه‌هاتووه‌كانیان خزمه‌ت بكه‌ن.

ڕۆژی جیهانی ژنان به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم له‌پاڵ پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م ژنانی جیهان، پیرۆزبایی تایبه‌تم ئاراسته‌ی كچ و ژن، دایك و خوشكانیشه‌هید بكه‌م و پێیان بڵێم به‌رده‌وام بن و ڕێگای خه‌باتی شه‌هیدان درێژه‌ پێ بده‌ن، له‌گه‌ڵتانین، پشتیوانتانین.


كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia  ڕاگه‌یاندنی ڕۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی ی.ن.ك

8/3/2020 11:04:00