سه‌رۆكی هه‌رێم پیرۆزبایی له‌ژنانی كوردستان ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی رۆژی 8ی مارس له‌ ژنانی جیهان و كوردستانی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ژنانی كوردستان هه‌میشه‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ریان له‌بواره‌جیاكانی خه‌بات و تێكۆشاندا هه‌بووه‌.

ده‌قی بروسكه‌كه‌..
له‌یادی ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تاندا، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئافره‌تانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌م. ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێكخراوه‌ حكوومی و ناحكوومی، دامه‌زراوه‌ و كه‌سایه‌تییانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ژنانی كوردستان و بواری یه‌كسانیدا ڕۆڵی كاریگه‌ریان بینیوه‌، هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
ئافره‌تانی كوردستان هه‌میشه‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ریان له‌ بواره‌ جیاكانی خه‌بات و تێكۆشاندا هه‌بووه‌، ئه‌مڕۆش به‌ كرده‌یی ڕۆڵێكی كارا له‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینن، به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی خانمان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئاماژه‌یه‌كی گرنگی به‌هێزبوونی بنه‌ماكانی یه‌كسانییه‌.
خانمان هه‌میشه‌ قوربانیی سه‌ره‌كیی توندوتیژی، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ توندوتیژییه‌كانی جه‌نگ و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ بوون كه‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتوون، به‌ڵام هیچ ڕووداوێكی كاره‌ساتهێن نه‌یتوانیوه‌ له‌ شكۆی ئافره‌تانی كوردستان و باوه‌ڕ و وره‌یان بۆ ژیان، خه‌بات و سه‌رفرازی، كه‌م بكاته‌وه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌، وه‌ك پره‌نسیپێكی چه‌سپیوی مافه‌كانی مرۆڤ و دیموكراسی له‌ یه‌كسانی و مافی ئافره‌تانمان ڕوانیوه‌ و كاری جدیمان له‌ پێناویدا كردووه‌. گرنگه‌ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌دا، له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندندا ڕه‌نگ بداته‌وه‌.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا، به‌ پێویستی ده‌زانم، سه‌رنجی هه‌موو لایه‌ك بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گرنگ و هه‌ستیار ڕابكێشم، ئه‌ویش به‌شداری و هاوكاریی هه‌مووانه‌ له‌ خۆپاراستن و ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كانی كوردستاندا.
له‌ كاتێكدا به‌ پێزانینه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ماندووبوونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان ده‌ڕوانین، هانی هه‌موو كوردستانییانی خۆشه‌ویست ده‌ده‌م بۆ هاوكاریكردن و جێبه‌جێكردنی بڕیار و ڕاسپارده‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆپاراستن له‌ كۆرۆنا وه‌ك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ی مرۆیی و نیشتیمانی و ئایینی.
به‌رز و شكۆدار بێت یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تان، سڵاو له‌ گیانی پیرۆزی ئه‌و خانمه‌ قاره‌مانانه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ له‌پێناو مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌ل و نیشتماندا گیانیان به‌خشی.


نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

PUKmedia راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم

8/3/2020 09:39:00