پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار دەكرێتەوە

لەیەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە ئەمڕۆ 14-1-2020 لەسلێمانی ئەنجامدرا، لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناخۆی یەكێتی دەستنیشانكرا.

لەوبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد سەرۆكی لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmedia ی راگەیاند: لیژنەكە پێكهاتووە لە 20 كەس، كە بڕیارە لەماوەی 10 رۆژدا، سەرجەم كارەكانی پەیوەست بە هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ئەنجام بدات، رەنگە زووتریش تەواو ببێت.

وتیشی: كارەكە بریتییە لەپێداچوونەوە بەو پرۆژە پەیڕەوە ناوخۆیەی كە كۆنگرەی چوارەم رادەستی لیژنەكەی كردووە، لەبەرئەوەی لەهەندێك شوێندا پێویستی بەپێداچوونەوەیە.

فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكە پێداچوونەوەكان ئامادە دەكات و دواتر دەخرێتەوە بەردەستی ئەنجومەنی گشتی و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەدرێتەوە.

راشیگەیاند: هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی گرنگە، چونكە تا ئەو پەیڕەوە پەسەند نەكرێت و نەخرێتە دەنگدانەوە بەدڵنیاییەوە ناتوانین دامودەزگاكانی تر رێكبخەینەوە و دەست بەدابەشكردنەوەی لێپرسراوییەتییەكان بكەین.

ئەندامانی لیژنەكە پێكهاتوون لە هەریەك( فەرید ئەسەسەرد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، شاڵاو عەلی عەسكەری، جەزا سەید مەجید، چەتۆ ساڵح، بڵێسە جەبار فەرمان، زوبێر عوسمان، رابیحە محەمەد، سەركەوت زەكی، رێبوار تەها، تەلار لەتیف، ئەحمەد زرار، سەردار هەركی، حاكم سابیر، سالار عومەر نوری، سەرتیب عەلی، د.سۆران جەمال تاهیر، دڵپاك تاهیر، د.عیزەت سابیر، رزگار حەمە محێدین).


PUKmedia  تاژاو محەمەد

14/1/2020 18:11:00