44 ساڵ لەمەوبەر کتێبخانەیەک سلێمانی روناککردەوە

44 ساڵ لەمەوپێش كتێبخانەیەك بوە روناككەرەوەی شاری سلێمانی، پرشنگی رەنگاوڕەنگی بەهەموو لایەكی شاردا نەخشاند و پەیامی زانست و رۆشنبیری پێبوو، ئەویش كتێبخانەی پەیامە، ئەم كتێبخانەیە دەكەوێتە سەر شەقامی سالم نزیك باخی گشتی.

مامۆستا ئەنوەر برزوو لەدایك بووی 1939ی شاری سلێمانیە، خاوەن و بەڕێوەبەری ئەم كتێبخانەیەیە،  مامۆستایەكی خانەنشینە، لەپاڵ كۆكردنەوەو فرۆشتنی كتێب و گۆڤارو رۆژنامەكان، بەشێكی زۆری  تەمەنی خۆشی بۆ خوێندنەوە تەرخان كردوە.

مامۆستا ئەنوەر برزوو بەردەوام و بێ‌ بەرامبەر هاوكاری هەموو ئەو كەسانەی كردوە بەتایبەت توێژی گەنجان كە سەردانیان كردوە بەمەبەستی هەواڵ پرسین لەسەر كتێبێك یان توێژینەوەیەكی رۆشنبیری و زانستی.

22 (1).jpg

مامۆستا ئەنوەر برزوو خاوەنی كتێبخانەی پەیام دەڵێت: ساڵی 1976 بوو بیرم لەوە كردەوە كە كتێبخانەیەكی گەورە دابنێم و ناوی بنێم پەیام، كتێبخانەكە دەكەوتە سەر شەقامی مەولەوی، ئەوەش لەسەردەمی كتێبخانەی نیشتمانیدا بوو.

كتێبخانەكە هەزاران كتێب و گۆڤارو رۆژنامەی لەخۆ دەگرت، رۆژنامەكانی وەك (الجمهوریە و  ئەلسەورە، گۆڤاری ئەلف با، هەروەها سەرچاوە عەرەبیەكان كە پڕبوون لە كتێب و چاپكراوە لەبەیروتەوە دەهاتن). پێش 20 ساڵ كتێبخانەكە گواسترایەوە  بۆ شەقامی سالم.

22 (6).jpg

مامۆستا ئەنوەر برزوو دەشڵێت: دوو ئامانجم هەبوو، یەكێكیان خۆ رۆشنبیركردن بوو، هەروەها رۆشنبیركردنی گەنجان، بەتایبەت ئەو گەنجانەی خولیای خوێندنەوە بوون و دەگەڕان بەشوێن سەرچاوەی رۆشنبیریدا، ئەو گەنجانە بۆئەوەی ببنە نەوەیەكی رۆشنبیرو بەئاگای دواڕۆژ، بەبێ‌ بەرامبەر هاوكاریم دەكردن و یارمەتیم ئەدان.

مامۆستا برزوو جەخت دەكاتەوە، پەیامم بۆ گەنجان ئەوەیە كە بەردەوام و بەبێ‌ پچڕان بخوێننەوە، ئەوەشی دەیخوێننەوە با لەژیانی خۆیاندا جێبەجێی بكەن، خوێندنەوە، ئۆكسجینی هزرو مێشكە،  زانست و زانیاری و رۆشنبیری گشتی بەرهەم دەهێنێت، خوێندنەوەوە ژیانت فێردەكات، واشت لێدەكات كە لەتاقیكردنەوەكانی ژیاندا هەڵە كەم بكەیت، كەسانێك دەردەچن كە سوود بەكۆمەڵگا بگەیەنن، ببنە رووناككەرەوەی دواڕۆژ.

PUKmedia عەدنان جاف

22 (2).jpg

22 (4).jpg

13/1/2020 17:23:00