كونسڵی ئه‌ڵمانیا ڕۆڵی یه‌كێتی به‌رز ده‌نرخێنێت

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌  11-12-2019  سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌  ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانییه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر پێشوازیكرد خاتوو باربارا وۆڵف كونسڵی گشتی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان. 

له‌ دیدارێكی نێوان هه‌ردوولادا سه‌ره‌تا  خاتوو باربارا وۆڵف خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسه‌ی ئاماده‌كاری بۆكۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 21 ی ئه‌م مانگه‌ ببه‌سترێت و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كاره‌كانی كۆنگره‌ خواست.

له‌ درێژه‌ی دیداره‌كه‌دا، بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عیراق و ھه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی تاوتوێكرا.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌  ئاماژه‌ی به‌ ڕه‌وشی سیاسی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌  كرد و تیشكی خسته‌ سه‌رخۆپێشاندانه‌كانی عیراق و پشتگیری خۆی بۆ داوای خۆپێشانده‌ران له‌ چاكسازی و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریپێویست و باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ بن بڕكردنی گه‌نده‌ڵی، ووتیشی پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك یه‌كڕیزی  نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بپارێزن له‌سه‌ر بنه‌مای جێبه‌جێكردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق.

دواتر خاتوو باربارا وۆڵف كونسڵی گشتی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: به‌ گرنگی و بایه‌خه‌وه‌ ده‌روانێته‌ دوایین پێشھات وگۆرانكاریه‌كانی عیراق و ھه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ له‌ پێناو سه‌قامگیری سیاسی و ئاشتی و به‌ره‌‌و پێشچوونی پروسه‌ی سیاسی وگه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و ئاوه‌دانی زیاتر و به‌ھێزتركردنی دیموكراسی له‌ ناوچه‌كه‌دا.

خاتوو باربارا وۆڵف په‌رۆشی خۆی پیشاندا بۆ به‌هێزتر كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا و رۆڵی یه‌كێتی-یان به‌گرنگ زانی به‌هۆی ئه‌وپه‌یوه‌ندییه‌ له‌مێژینه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌ڵمانیا  به‌تایبه‌تی هه‌یانه‌.

ھه‌رله‌و دیداره‌دا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وێرای خستنه‌رووی ره‌وشی سیاسی، به‌تایبه‌تیش پرسی ململانێیه‌ نێوده‌وڵه‌تی وھه‌رێمایه‌تیه‌كان، ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان  خوازیاری چاره‌سه‌ری دیپلۆماسیانه‌ی كێشه‌كانه‌ دوور له‌ گرژی وئاڵۆزی.


دواتر سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی عیراق و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ به‌ كونسڵی گشتی ئه‌ڵمانیا-ی راگه‌یاند كه‌ خوازیارن له‌سه‌ربنه‌مای به‌ند و بڕگه‌كانی ده‌ستور سه‌رجه‌م كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ ڕووی سیاسی و ئابوری وداراییه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرێن.

PUKmedia  وێنه‌/ ده‌رباز ستار

200 (3).jpg

200 (1).jpg

11/12/2019 12:24:00