خوێندنی ئەندازیاری دەكرێتە سیستمی بۆڵۆنیا

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاشكرایكرد لەكۆی حەوت كۆلێژی ئەندازیاری لەزانكۆكانی كوردستان، پێنج كۆلێژ سیستمی بۆڵۆنیا پەیڕەو دەكەن، بۆ ساڵی داهاتووش دوو كۆلێژەكەی دیكەش دەچنە ناو پڕۆسەكە، ئەمەش هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی دەرچوان هەلی كاریان لەچوارچێوەی بڕوانامەكەیان دەستبكەوێت.

ئەم لێدوانەی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2ی كانونی یەكەمی 2019 لەمیانی بەشداریكردنی هات لەكۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بەخوێندنی بەشەكانی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە تیایدا راوێژكارو سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە ئامادەیبون.

لەكۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: دەبێت هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ گەشەی ئابوری جیهان ناوەرۆكی خوێندنمان لەگەڵ بازاڕی كار بگونجێنین، ئەو بەشانەی بازاڕ پێویستی پێیەتی بایەخی زیاتریان پێبدرێت. وتیشی: ئەو گۆڕانكاریانەی بۆ خوێندنی ئەندازیاری بڕیاری لێوەدەدرێت دەبێ لەسەرخۆو لەگەڵ واقیعی كۆمەڵگەكەمان هاوتابن، چونكە جێبەجێكردنی هەر سیستم و فەلسەفەیەكی زانستی دونیا دەبێت لەگەڵ هەلومەرج و واقیعی كۆمەڵگەكە بگونجێت.

د.ئارام محەمەد بەئەندامانی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بەخوێندنی بەشەكانی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند: وەزارەت بەرنامەیەكی وردی لەبارەی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی بۆڵۆنیا پرۆسێس هەیە، بۆ ئەوەش رایگەیاند: وابڕیارە كۆنفرانسێكی فراوان لەوبارەیەوە ئەنجام بدەین و لەڕێگەی دروستكردنی بۆردێكی تایبەتیش لەهەنگاوەكانی جێبەجێكردن و بەدواداچونی بۆلۆنیا پرۆسێس بكۆڵێنەوە.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا د.داود سلێمان ئەتروشی سەرۆكی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بەخوێندنی بەشەكانی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەپاڵ دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ وەزیری خوێندنی باڵا لەبەشداریكردنی كۆبونەوەی لیژنەكەیان و بایەخدانیان بەخوێندنی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێم پوختەی كارەكانی لیژنەكەی رونكردەوە، بەتایبەت لەبارەی جێبەجێكردنی پرۆسەی بۆلۆنیاو متمانە بەخشین و ماوەی خوێندن و پێداگۆجی و تاقیگەكانی بەشەكانی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێم.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا ئەندامانی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خوێندنی بەشەكانی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان سەرنج و پێشنیازەكانیان لەبارەی پێشخستنی زیاتری خوێندنی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێم پێشكەش بە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد. 

لیژنەی باڵای پێداچونەوە بەخوێندنی بەشەكانی ئەندازیاری لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە كارەكانی بەردەوامەو ئەندامانی لیژنەكە جگە لەڕاگری كۆلێژە ئەندازیاریەكان لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان سەندیكای ئەندازیارانی كوردستانیش تێیدا ئەندامن.

PUKmedia راگەیاندنی خوێندنی باڵا 

2/12/2019 19:38:00