عادل عه‌بدولمه‌هدی: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت

عادل عه‌بدول مه‌هدی رایگه‌یاند كه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌رانی عیراق پێكده‌هێنرێت.

مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق عادل عه‌بدول مه‌هدی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ كۆپیه‌كی ده‌ست PUKmedia كه‌وتوه‌ رایگه‌یاندوه‌: ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازی كردوه‌ له‌ نێرده‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ عیراق كردوو، پێكه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیجیه‌كانی نێوان عیراق و ئه‌وروپا و په‌ره‌پێدانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هه‌وبه‌شه‌كان و روبه‌روبونه‌وه‌ی داعش و هه‌وڵه‌كان بۆ رێگری له‌ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان كرد، هه‌روه‌ها دوا پێشهاته‌كانی ئێستا و ئه‌و بارودۆخه‌ی عیراق پێیدا تێده‌په‌ڕێت له‌گه‌ڵ رۆڵی ئه‌رێنی عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ش به‌شێكی تری گفتوگۆكان بوو.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێز له‌ مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌و پارێزگاریكردن له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌گرێت و فه‌رمانیشیان به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردوه‌ كه‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران به‌كارنه‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر توندوتیژیش كرابێت تاك لایه‌نه‌ بوه‌و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كارگێڕیان له‌باره‌ی روداوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كان پێكهێناوه‌و دۆسیه‌كانیش ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كه‌ن.


PUKmedia تایبه‌ت

13/11/2019 19:11:00