‎كۆسره‌ت ره‌سوڵ: ئه‌گه‌ر یه‌كبین هه‌موو شتێكمان پێده‌كرێت

ئه‌مڕۆ 7-11-2019، كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ یاوه‌ری حامیدی حاجی غالی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی سه‌ردانی گوندی قامیشی ناوچه‌ی شینكایه‌تی شارباژێڕی كردو له‌لایه‌ن خزمانی شینكایه‌تییه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ باسی له‌مێژووی ناوچه‌كه‌و ڕۆڵی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی شینكایه‌تی كرد، كه‌ له‌ شۆڕشه‌كانی كورددا ڕۆڵی جوامێرانه‌یان هه‌بووه‌و هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوونه‌و خزمه‌تی برا پێشمه‌رگه‌كانیان كردووه‌.

جێگری سكرتێری گشتی وتیشی: بۆ ئه‌مڕۆ ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر هه‌موومان باشترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی هاووڵاتییانی خۆمان بكه‌ین و له‌ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی دۆخه‌كه‌ بین.

په‌یوه‌ست به‌دۆخی ئه‌مڕۆی كوردستانیش كۆسره‌ت ڕه‌سول وته‌یه‌كی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كردو وتی: هه‌موومان هه‌وڵبده‌ین میلله‌تی كورد یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بین، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ شتین، نه‌ یه‌كێتی و نه‌ پارتی و نه‌ هیچ حزبێكی تر به‌ ته‌نها هیچ نین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كبین هه‌موو شتێكمان پێ ده‌كرێ، بارودۆخه‌كانیش به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕۆین كورد ده‌رگایه‌كی لێ بكرێته‌وه‌.

PUKmedia فۆتۆ: هاوژین شه‌ریف

7/11/2019 20:08:00