وردەكاری گیانلەدەستدانی دوو كرێكارەكەی رانیە

لەشاری رانیە لەكاتی كاركردندا دوو كرێكار گیانیان لەدەستدا، پۆلیسیش دەڵێت: رووداوەكە لەبینایەكی سێ نهۆمیدا رویداوەو سێ كەسیش لەسەر رووداوەكە دەستگیركراون.   

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووە، ئاماژەی بەوەداوە: شەوی رابردوو تەرمی دوو كرێكار بەناوەكانی (س.م) و (م.س) رەگەزی نێر دانیشتوی رانیەن، گەیەنرانە نەخۆشخانەی گشتی رانیە كە لەكاتی كاركردن لە بینایەكی سێ نهۆمی گیانیان لەدەستدا.

رونیشیكردوەتەوە: رووداوەكە لەكاتێكدا رویداوە هەردوو كرێكارەكە لە بینایەكی سێ نهۆمی لە ناو بازاڕی رانیە خەریكی بەستنی ئەسكەلە بوون و لە هەمانكاتدا سیمی ئەسكەلەكە پچڕاوەو كرێكارێكیان كەوتۆتە خوارەوە كرێكارەكەی تریش ویستویەتی هاوڕێكەی رزگار بكات لەئەنجامدا ئەویش دەكەوێتە خوارەوە بەوهۆیەشەوە هەردوو كرێكارەكە گیان لەدەستدا.

ئەوەی راگەیاندوە: دوای توێكاری پزیشكی بۆ تەرمەكانیان لە پزیشكی دادی رانیە رادەستی كەسوكاریان كرانەوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە كراوەتەوەو لەسەر روداوەكەش سێ كەس بەفەرمانی دادوەر بەپێی مادەی 411 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

PUKmedia 

 

7/11/2019 09:00:00