هەولێر.. دەیان تۆمەتبار دەستگیر دەكرێن

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر چەند تاوان و حاڵەتێكی كوشتن ئاشكرا دەكات و دەستگیركردنی 23 تۆمەتبار رادەگەیەنێت دەشڵێت، زۆربەی تۆمەتبارەكان ئێمە دەستگیرمان نەكردوون بەڵكو خۆیان رادەستی پۆلیس كردووە.

ئەمڕۆ چوار شەممە 6-11-2019، عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شەش حاڵەتی كوشتن لەهەولێر تۆماركراوە و لەو شەش تۆمەتبارەش پێنج تۆمەتباریان خۆیان رادەستی پۆلیس كردووە، كە بریتین لە:

- تۆمەتباری یەكەم: ناوی (س،ش،ح) و تۆمەتبارە بەكوشتنی برایەكی.

- تۆمەتباری دووەم: ناوی (ه،و،ت) و تەمەنی 26 ساڵە و تۆمەتبارە بەكوشتنی هاوسەرەكەی و بەپێی ماددەی 406 راگیراوە و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.

- تۆمەتباری سێیەم: بەناوی (ی،ع،ق) تۆمەتبارە بەكوشتنی باوكی.

- سێ تۆمەتباری دیكە كەهەستاون بەكوشتنی كەسێك لەنزیك كەسنەزان، هەرسێكیان خۆیان رادەستی پۆلیس كردووە و دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە.

-تۆمەتباری پێنجەم: بەناوی (ع،ك،ا) تۆمەتبارە بەكوشتنی خێزانەكەی بەپێی ماددەی 408.

-تۆمەتباری شەشەم: بەناوی (ع،م،ح) تۆمەتبارە بە كوشتنی هاووڵاتییەك و بەپێی ماددەی 406 راگیراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: دوو تۆمەتباریان بەتۆمەتی نانەوەی پشێوی و دزیكردن و تەقەكردن دەستگیر كردووە و دوای دەستگیركردنیشیان دراونەتە دادگا.

وتیشی: دوای لێكۆڵینەوە و چاودێریكردنیان توانراوە لەڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەكەوە چەند تۆمەتبارێك دەستگیربكەین كەچەند ئۆتۆمبێلێكیان دزیبووە و دواتر یەكێك لەئۆتۆمبێلەكان لەهەولێر و ئۆتۆمبێلێكی دیكەش لە سنووری سوریا دەستیانبەسەردا گیراوە.

راشیگەیاند: چەند كەسێكیكە بەتۆمەتی دزیكردن لەبانك و ماڵان و جانتای ئافرەتان و شكاندنی جامی ئۆتۆمبێل دەستگیر كراون.

عەبدولخالق تەلعەت راشیگەیاند: تۆمەتبارێكیان دەستگیر كردووە كە شەش داوای لەسەر بووە و دوان لەو داوایانەش لەلایەن كەسوكاری خۆیەوە لەسەری تۆماركراون و لەكاتی دەستگیركردنیدا تەقەی لەهێزەكانی پۆلیس كردووە و بەو هۆیەشەوە پۆلیسێك بریندار بووە.

PUKmedia تایبەت

6/11/2019 11:10:00