خۆپیشاندانەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر ئابوری عیراق دەبێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر ئابوری عیراق و دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە دەبێت.

شیروان میرزا ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: خۆپیشاندانەكان كاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عیراق هەیە، چونكە لەئێستادا هێزە ئەمنییەكانی عیراق خراونەتە ئامادە باشییەوە و ئەوەش بووەتە هۆی بارگرانی، هەر بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەوامی زۆربەی فەرمانگەكان پەكی كەوتووە و بەوەش بەرهەمی ناوخۆ كەمبووەتەوە.

وتیشی: دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە و رێگەگرتنی بەندەرەكان لەبەسرە، بووەتە هۆی گەڕانەوەی بارهەڵگرەكان بۆ ئیمارات و وڵاتانی دراوسێ و ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر داهاتی عیراق دەبێت.

شیروان میرزا وتیشی: ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەردەوام بێت ئەوا كاریگەری لەسەر هەناردەكردنی نەوت دەبێت، بۆیە پێویستە حكومەت هەندێك هەنگاوی كرداری بنێت بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبێنێتەوە.

PUKmedia تایبەت

4/11/2019 13:54:00