وه‌فدێكی یه‌كێتی سه‌ردانی ڕۆژئاوا ده‌كات

وه‌فدێكی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد بۆ به‌شداریكردن له‌پرسه‌ی تێكۆشه‌ری گه‌وره‌ی كوردستان حه‌مید ده‌روێش.

له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌پرسه‌كه‌دا، هه‌رێم كه‌مال ئاغا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان هاوخه‌می جێگرانی سكرتێری گشتیی و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی و ئه‌ندامانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانی گه‌یانده‌ بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌یان و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی پێشكه‌وتنخوازی كورد له‌سوریا.

له‌سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌دا وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كی پارتی دیموكراتی پێشكه‌وتنخوازیی كورد له‌سوریا كرد له‌شاری قامیشلۆ و له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ پێشوازییان كراو دواتر سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردویان كرد.
 
له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، هه‌رێم كه‌مال ئاغا باسی له‌رۆڵ و تێكۆشانی له‌مێژووی خه‌باتی زیاتر له‌ 60 ساڵی مامۆستا حه‌مید ده‌روێش كرد، هه‌روه‌ك رونیكرده‌وه‌ كه‌ مامۆستا حه‌مید قوتابخانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندو پڕ ئه‌زموونی رێی خه‌باتی بوو، جوامێرێكی ماندونه‌ناسی قوربانیدانی رۆژئاوای كوردستان بوو.

باسی له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوه‌ی كوردایه‌تی یه‌كێك بوو له‌دامه‌زرێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كه‌م حزبی سیاسی كورد له‌ 1957 له‌ رۆژئاوای كوردستان ، هه‌روه‌ك مامۆستا حه‌مید هه‌ڤاڵ و هاوڕێیه‌كی ته‌مه‌نی سه‌رۆك مام جه‌لال بوو، په‌یوه‌ندییه‌كی رۆحی به‌یه‌كه‌وه‌ی ده‌به‌ستنه‌وه‌. یه‌كێكیش بوو له‌ هانده‌رو هاوكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ساڵی 1975، به‌درێژایی ئه‌و مێژووه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ پشتیوانانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان بوو.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا، سه‌رۆكی وه‌فدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵ و كۆششی مامۆستا حه‌مید ده‌روێش له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌و رێنوێنی كردنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئاشته‌وایی و خه‌باتی مه‌ده‌نی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و گیانی لێبورده‌یی، وتی كۆچی دوایی مامۆستا حه‌مید كه‌لێنێكی گه‌وره‌بوو بۆ خه‌باتی كورد له‌رۆژئاوای كوردستان، چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ به‌شێك بوو له‌مێژووی پرشنگداریی گه‌لی كورد و سوریا له‌ رۆژئاوای كوردستان، له‌ده‌ستدانیشی زیانێكی گه‌وره‌بوو به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ ناوچه‌كه‌و رۆژئاوای كوردستان به‌بارودۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت.
شایانی باسه‌، ژماره‌یه‌ك لێپرسراو و كادری دیاریی مه‌ڵبه‌ندی 4 ی رێكخستنی دهۆك، یاوه‌ری وه‌فدی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستانیان بۆ رۆژئاوای كوردستان كرد.

PUKmedia  نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی هه‌رێم كه‌مال ئاغا

30/10/2019 09:30:00