كه‌نه‌دا.. كۆنفرانسی ماڵی كورد به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی (نوێبوونه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی ماڵی كورد) رۆژی 20-10-2019 كۆنفرانس و هه‌ڵبژاردنی نوێی ماڵی كوردی تورونتۆ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری لایه‌ن و ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كوردانی هه‌رێمی ئۆنتاریو له‌ هۆڵی سڤیك سه‌نته‌ری یانگ - ی تورونتۆ به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تای كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب و ئۆ كه‌نه‌دا و ڕاوه‌ستانی خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد. پاشان مه‌ڕوان كێسته‌یی به‌ناوی ماڵی كورد به‌خێر هاتنی ئاماده‌بووانی كرد و به‌رنامه‌ی كاری كۆنفرانسی بۆ ئاماده‌بووان ڕاگه‌یاند.

چه‌تۆ وانی به‌رپرسی ماڵی كورد له‌ وتارێكدا تیشكی خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی ماڵی كورد له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی پێنچ ساڵی ڕابردوودا ، هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ كه‌موكوڕییه‌كانی ماڵی كورد كرد و وتی: كه‌موكوڕیمان له‌ ڕووی ئیداری داراییه‌وه‌ زۆرن، بۆیه‌ پێویستیمان به‌كه‌سانی شاره‌زا و لێهاتوو هه‌یه‌ كه‌ هاوكاریمان بكه‌ن بۆ په‌ڕه‌پێدانی چالاكییه‌كان. دواتر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمیته‌ی به‌رێوبردنی ماڵی كوردی ڕاگه‌یاند.

سه‌رتیپ كاكه‌یی و دوكتۆر فه‌ره‌یدون ڕه‌حمانی له‌ وته‌كانیاندا  كارو چالاكیه‌كانی ساڵانی ڕابردووی ماڵی كوردیان به‌رز نرخاند.

پاشان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكرد و نۆ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ئیداری  و سێ ئه‌ندامی یه‌ده‌گ  بۆ به‌ڕێوبردنی كاروباری كۆمیته‌ی نوێی ماڵی كورد هه‌ڵبژێردران.

جێی ئاماژه‌یه‌ ڕێكخراوی ماڵی كوردی تورونتۆ رێكخراوێكی كولتووری كوردی یه‌  له‌ ساڵی 2005 دامه‌زراوه‌ ، له‌ماوه‌ی 13  ساڵی ته‌مه‌نیدا چه‌ندین كۆڕی ئه‌ده‌بی و فیستیڤاڵی كه‌لتووری و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری بۆ پشتیوانیكردنی كوردانی چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان ئه‌نجامداوه‌.

PUKmedia عوسمان عه‌لی  تورونتۆ

21/10/2019 09:23:00