%40ی رێگەكانی هەرێم بۆ شۆفێری گونجاونین

رێگەكانی هاتووچۆ زۆربەیان بێكەڵك و پڕتاسە و چاڵن، حكومەتیش لە توانایدا نەبووە چاكیان بكاتەوە بە بیانووی قەیرانی دارایی، هۆكارێكی رووداوەكانی هاتووچۆش خراپیی ئەو رێگەیانەن، تەنیا لە ساڵانی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا 3 هەزار كەس بە رووداوی هاتووچۆ مردوون و نزیكەی 34 هەزاری دیكەش بریندار بوون، لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا زیاتر لە 2 هەزار رووداوی دیكە تۆمار كراون.

سیروان عەبدە، هاووڵاتییەكی تەمەن (47) ساڵ،  دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە هۆی رووداوێكی هاتووچۆوە كە سەرنشین بووە، لە سنووری قەزای رانیە خۆی و حەوت كەس لەو رووداوە بوونەتە قوربانی و كەسێكیش گیانی لە دەست داوە، ئەو بەشێكی زۆری ئێسقانەكانی جەستەی شكاوە، ماوەی ساڵێك لەسەر جێگە كەوت.

سیروان عەبدە بۆ  وتی: لەو شوێنەی كە تووشی رووداوەكە بووین، رێگەكە تەسك و چاڵوچۆڵیی زۆری تێدا بوو، ئۆتۆمبێلەكەمان تووشی پێكدادان بوو لەگەڵ ئۆتۆمبێلی بەرامبەر، بەو هۆیەوە منیش بریندار بووم و شەش نەشتەرگەریم بۆ كراوە تا بتوانم تۆزێك ئارامیی جەستە وەربگرم و ئێسقانەكانم یەك بگرنەوە، ئەمە نموونەی ئەو سەدان رووداوی هاتووچۆیەیە، كە رۆژانە لە هەرێم روو دەدەن و قوربانیان لێ دەكەوێتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم (33 ملیار و 876 ملیۆن) دیناری تەرخان كردووە بۆ چاككردنەوەی رێگەوبانەكانی هەر چوار پارێزگاكە و دوو ئیدارەكەی هەرێم.

سدقی ئامێدی، بریكاری وەزیری ئاوەدانكردنەوە بۆ رێگەوبان وتی: بۆ نوێكردنەوەی رێگەوبانەكان بانگهێشتی كۆمپانیاكانی رێگەوبان كراوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست پێ دەكات، ئەگەر كەش و باران ڕێگە بدات لە دوو مانگ و نیوی داهاتوو كاری نوێنكردنەوەی رێگەكان تەواو دەكرێت.

ئەو بڕە بودجەیەی كە ئەنجوومەنی وەزیران تەرخانی كردووە، بەشی ئەوە ناكات سەرجەم رێگە خراپ و بێكەڵك و لاوەكییەكانی پێ نوێ بكرێتەوە، لەبەر ئەوە بیر لەوە كراوەتەوە تەنها ئەو ڕێگەیانەی سەرەكی و زۆر بێكەڵكن كاریان تێدا بكرێت.

سدقی ئامێدی وتیشی: نوێكردنەوەكە زیاتر رێگەی سەرەكیی نێوان شارەكان دەگرێتەوە، دەكرێ بووترێت (30% بۆ 40 %)ی رێگەكان لەهەرێم بۆ شۆفێریكردن خراپن، هەندێ رێگە هەیە كە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری زۆر لەسەرە دەكرێ زیاتر لەو رێژەیەش بێت.

بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە ماوەی (5) ساڵی رابردوودا هیچ نوێكردنەوەیەكی رێگەوبانەكان نەكرابوو، ئەمەش بووە هۆكاری وێرانبوونی رێگەوبانەكان.

شۆفێران خراپیی رێگەوبانەكان بە هۆكاری رووداوەكانی هاتووچۆ دەزانن، بەڵام شارەزایانی بواری هاتووچۆ هۆكاری گیانلەدەستدان و رووداوەكانی هاتووچۆ بە دوولایەنە دەیبینن، بە جۆرێك دەڵێن لە پاڵ خراپیی ڕێگەكانی هاتووچۆ كۆمەڵێك هۆكاری تر هەن.

هەڵكەوت عەبدوڵڵا، شارەزای بواری هاتووچۆ رایگەیاند: خراپیی كوالێتیی رێگەوبانەكان و نەبوون و بە هەڵەدانانی هێماكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان نیشانەی پرسیاریان لەسەرە و  كاریگەریی لەسەر زۆریی رووداوەكانی هاتووچۆ هەیە، بەڵام ئەمە هۆكاری یەكەم نییە، بەڵكوو خراپیی كوالێتیی شۆفێریش هۆكارە بۆ زۆریی رووداوەكانی هاتووچۆ.

ئەمە هەمان قسەی یوسف بازیانی، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری بۆ سەلامەتیی رێگەوبان رایگەیاند، خراپیی رێگەوبانەكان هۆكاری زیادبوونی رووداوەكانی هاتووچۆن، لەبەر ئەوەی ئەو رێگەیانەی لە هەرێم درووست كراون بە پێی پێویست نین، بەڵام لە پاڵ ئەوەدا پابەند نەبوون بەرێنماییەكان و نەبوونی هۆشیاریی هاتووچۆ هۆكارێكی ترە.

بە پێی ئەو ئامارانەی كە ساڵانە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە رووداوەكانی هاتووچۆ دەردەخەن، لە 10%ی گیانلەدەستدانەكانی رووداوی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی رێگەوبانەكان، كە ناكرێت ئەو رێژەیە بە هەند سەیر نەكرێت، بە تایبەت ئەوەی رێگە سەرەكییەكانی نێوان پارێزگاكان بە رێگەی مەرگ ناسراون، یوسف بازیانی، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری بۆ سەلامەتیی رێگەوبان وای وت.

بە پێی ئامار و بەدواداچوونێكی بەردەستی  ئاژانس لە ساڵی 2015 كە سەرەتاكانی دەركەوتنی قەیرانی دارایی بوو تا كۆتایی ساڵی (2018) نزیكەی (3) هەزار هاووڵاتی بە ڕووداوەكانی هاتووچۆ گیانیان لە دەست داوە و (33793) هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمیش كە تایبەت بە ״ئاژانس״ دراوە، دەری دەخات كە لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ (2025) ڕووداوی هاتووچۆ لە هەرێم ڕوویان داوە، بە هۆیەوە (257) هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە و (2860) هاووڵاتیی دیكەش بریندار بوون.

PUKmedia لە ئاژانسەوە

 

19/10/2019 12:34:00