كوردستانیانی كەنەدا پشتیوانی رۆژئاوا دەكەن

كوردستانیانی كەنەدا رۆژی 13/10/2019  لەسەنتەری شاری تورونتۆ بۆ جاری سێهەم خۆپیشاندانێكی جەماوەرییان بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوا ئەنجامدا و دواتر گردبوونەوەیەكشیان لەبەردەم كونسوولگەری ئەمریكا لە شاری تورونتۆ سازكرد.

لەو خۆپیشاندانەدا كەبەسەرپەرشتی هەردوو رێكخراوی كوردیش كۆمینێتی سەنتەر و ماڵی كوردی تورونتۆ بەڕێوەچوو، ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كورد و چەندین كۆمەڵە و رێكخراوی كوردستانی  و بیانی و هەردوو كەناڵی راگەیاندنی  CITYTV  و CP24 كەنەدی ئامادەی بوون.

 كوردستانیان بە درێژایی شەقامەكانی بلوور و یانگ ستریت بە هەڵگری ئاڵای جۆراوجۆر دروشم و هوتافدان لەشكركێشی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان ئیدانە كرد و پشتیوانی خۆشیان بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و خەلكی خۆڕاگری رۆژئاڤا دووپاتكردەوە. 

هاوكات لەمیانەی خۆپیشاندانەكەدا لەڕێی بەیاننامەیەكدا بە زمانی ئینگلیزی رای گشتی شەقامیان لە هێرشی دڕندەی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئاگاداركردەوە .

دواتر خۆپیشاندەران لەبەردەم كونسوولگەری ئەمریكا گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، ژمارەیەك وتاری كەسایەتی و لایەن و رێكخراوەكان پێشكەشكران لەوانەش وتاری كوردیش كۆمینێتی سەنتەر و كۆمینێتی جووەكان، ماڵی كورد و كۆمەڵەی ئەرمەنیەكان،  كۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئیران . 

وتارەكان بەگشتی هێرش و بۆردوومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر دانیشتووانی رۆژئاڤا لە وڵاتی سوریا ئیدانە و ڕسوا كرد ، لایەن و ڕێكخراوەكان داواشیان لە وڵاتانی زلهێز كرد فشار و ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە حكوومەتی توركیا بە كردەوە ئەنجام بدەن و سنوورێك بۆ ئەو هێرشە ناڕەوایەی توركیاش دابنێن چییتر ڕێگە نەدرێت زیاتر خوێنی كورد بەدەست داگیركەران بڕژێت.

PUKmedia عوسمان عەلی- كەنەدا

 

14/10/2019 09:43:00