كورده‌كانی كه‌نه‌دا دژ به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا گردبوونه‌وه‌

دوا به‌دوای ڕاگه‌یاندنی بڕیاری پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كانی رِۆژهه‌ڵاتی سوریا ( رۆژئاڤا ) ، به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی دژی بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ و ئه‌گه‌ری ئۆپه‌راسێنی سه‌ربازی  سوپای توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فورات ، له‌سه‌ر داخوازی كوردیش كۆمینێتی سه‌نته‌رئێواره‌ی رۆژی 7-10-2019  به‌ ئاماده‌بوونی رێكخراوی ماڵی كورد و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كوردستانیانی ئۆنتاریۆ ، گردبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییان له‌به‌رده‌م كونسوولگه‌ری ئه‌مریكا له‌ شاری تورونتۆ سازكرد.

 

له‌و گربوونه‌وه‌دا كوردانی كه‌نه‌دا به‌ دروشمی ( بژی به‌رخۆدانا رۆژئاڤا ) و هه‌ڵگری ده‌یان دروشمی دژی سیاسه‌تی رِه‌گه‌زپه‌رستی ئه‌ردوگان بۆ ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی سوپای توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ رۆژئاڤا ئیدانه‌ و شه‌رمه‌زار كرد ، پشتیوانی خۆشیان بۆ خۆرِاگری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ناسراو به‌ هه‌سه‌ده‌  دووپاتكرده‌وه‌ ، هاوكات كوردستانیان داواشیان له‌ كۆنگریسی ئه‌مریكا كرد توانای خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ و فشاری زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌رۆك ترامپ بۆ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ی له‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكا  له‌ رۆژئاڤا.

 

له‌ گردبوونه‌كه‌دا هه‌ڤاڵ دۆغان و چه‌تۆ وانی وتاری كوردش كۆمێنێتی سه‌نته‌رو ماڵی كوردیان خوێنده‌وه‌ ، له‌به‌شێكی وتاره‌كه‌یاندا به‌ناوی كوردستانیانی كه‌نه‌دا سیاسه‌تی دوژمنانه‌ی ئه‌ردوگان دژ به‌ گه‌لی كورد و برِیاری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ كورد نشینه‌كانی سوریا شه‌رمه‌زار كرد و داواشیان له‌ كۆنگریسی ئه‌مریكا و ڕێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان كرد هاوكاری و هه‌ڵوێستی خۆیان بۆ ڕاگرتنی  هێرشی سه‌ربازی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوا بنوێنن.

 

كه‌ژاڵ حه‌مه‌ ڕه‌شید چالاكوانی ژنان و ئه‌ندامی كۆنفرانسی (سه‌پته‌مبه‌ری 2019 ) ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌ داعش له‌ رۆژئاوا ،  له‌میانه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌دا له‌ لێدوانێكدا بۆ PUKmedia  وتی '  مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا ڕاگرتنی هاوسه‌نگی هێزه‌ له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست به‌رامبه‌ر ئیران و توركیا و روسیا ، ئه‌مریكا كورده‌كانی وه‌ك باشترین هاورِێ و هاوپه‌یمانی خۆی سه‌یر ده‌كرد . بۆیه‌ ئه‌م برِیاره‌ی سه‌رۆك ترامپ بۆ پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا مایه‌ی توڕه‌یی و نارِه‌زایه‌تی كورد و لایه‌نگرانی ئه‌زموونی دیموكراسی رۆژئاڤا له‌ كوردستان و تاراوگه‌ش لێكه‌وته‌وه‌ . ئێمه‌ش وه‌كو كوردانی وڵاتی كه‌نه‌دا ناوه‌ستین له‌ پشتیوانی كردنی شه‌ڕڤانانی رۆژئاڤا و ده‌ربرِینی نارِه‌زایه‌تی دژ به‌ هێرش و په‌لاماری هێزی سه‌ربازی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاڤا .

 

كوردش كۆمینێتی سه‌نته‌ر له‌ په‌یامێكیدا به‌ زمانی ئینگلیزی رِای گشتی شه‌قامیان ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ میلله‌تی كورد له‌ میانه‌ی شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش قوربانییه‌كی زۆری له‌ پێناو  پاراستنی  ئارامی و ئاشتی جیهان داوه‌ ، ئێستا حكومه‌تی توركیا له‌ ئه‌گه‌ری هێرش  سه‌ربازی  بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی باكووری سوریا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ درووست ده‌كات و  سه‌قامگیری ئاسایشی ناوچه‌كه‌ش تێك بدات . رێكخراوه‌كان داواشیان له‌ حكومه‌تی كه‌نه‌دا و هاوپه‌یمانانی ناتۆ كرد كه‌ فشاری خۆیان بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌ رۆژئاڤا بنوێنن ، هاوكات په‌یامێكیشیان بۆ كونسوولگه‌ری ئه‌مریكا ئاماده‌ كردبوو به‌ڵام له‌به‌ر دره‌نگی كات نه‌توانرا ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نرێت به‌ كونسوولخانه‌كه‌.

 

PUKmedia عوسمان عه‌لی ، تورونتۆ

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

8/10/2019 22:29:00