مامە گیان لەویژدانای

ئەمڕۆ 3/10/2019 دوەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی (مام جەلال)ە، مامی رابەرو مامی ویژدان.

كورد دەڵـێ‌: گەورەت بمرێ‌ تەگبیركەرت نەمرێ‌.. مام؛ گەورەو تەگبیركەری یەكێتی و نەتەوەكەمان و عێراقیش بوو.  لەناوچەكەشدا، سەرۆكی متمانەپێكراوی وڵاتان بوو.

ئێمەی رۆژهەڵاتی، هەتا گەورەكانمان نەمرن، وەكو پێویست هەست بە گەورەییان ناكەین. كە مردن، ئەوجا داخیان بۆ دەخۆین. ئەوەتا، ئازاری مام، دوای مەرگی لە هەموو بارێكەوە، ویژدانی هەژاندووین. لەناو یەكێتی، لە كوردستان، عێراق و ناوچەكەشدا، بیر لە هەر كێشەیەك دەكرێتەوە، سایەی شكۆی مام جەلال، ئازاری زیاترمان دەدات.

گومانی تیانییە، یەكێتی لە دەهەكانی ئایندەش، هەر پێشكەوتن و سەركەوتنێك بەدی بێنێ، بناغەی فەلسەفە سیاسیەكەی بۆ سەرۆك مام جەلال دەگەڕێتەوە. هەر دواكەوتن و شكستێكیشی دوچار بێت، لەچوارەمین كۆنگرە، یان دوای كۆنگرە، ئۆباڵەكەی لەسەر ئەو سەركردانەن كە پەیڕەوی لە رێبازی مام جەلال ناكەن و ئەركە نوێكانی گۆڕانكاریەكانی سەردەمەكە، لەبەرچاو ناگرن.

مام! كێلەكەی دورنمای خەباتە و خۆشەویستیشی لە ویژدانە.

مەلا بەختیار

3/10/2019 11:00:00