دۆسته‌كانی په‌كه‌كه‌و سیخوڕه‌كانی میت !

ئاشكرایه‌،په‌كه‌كه‌ نه‌ له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ به‌خواستی هێزه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستانیش له‌ چیا و دۆڵه‌كانی باشوره‌، به‌ڵام به‌حوكمی كورد بوونی ئه‌و هێزه‌ و ڕه‌وایی كێشه‌كه‌یان له‌ باكور بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ به‌شی ئه‌وه‌نده‌ هاوسۆز و كاریگه‌ریان ده‌بێ كه‌ له‌ ناوچه‌ سه‌خته‌كان بمێننه‌وه‌. توركیاش به‌بیانوی بوونی په‌كه‌كه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی هێناوه‌ته‌ باشور و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك شوێن كه‌ هه‌رگیز په‌كه‌كه‌شی لێ نه‌بووه‌ سه‌ربازگه‌ی دروستكردوه‌! بێگومان، هێزی توركیا رزگاركه‌ر نییه‌، به‌ڵكو داگیركه‌رێكی ره‌زا قوڕسه‌.

دوای ئه‌وه‌ی هێرشه‌ ئاسمانی و زه‌مینیه‌كان بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ خه‌ست بوونه‌ته‌وه‌ رۆژانه‌ هه‌واڵمان پێ ده‌گات كه‌ له‌ ناوچه‌كانی بادینان، سیده‌كان و چۆمان هه‌ندێ كه‌س به‌بیانوی هاوكاری كردنی په‌كه‌كه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن یاخود فشاریان ده‌خرێته‌ سه‌ر. دیاره‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ر كه‌سێك كه‌ كارێكی نایاسایی بكا ئه‌ركه‌، به‌ڵام شێوازی لێپرسینه‌وه‌ و جۆری سزاش پێویسته‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی كاره‌كه‌ بێ، نه‌ك هاوكاری ودۆستایه‌تی په‌كه‌كه‌ پاساوێك بێ بۆ ترساندن و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ كادیر و لایه‌نگری حزبه‌كانی تر. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رۆژی رووناك سیخوڕه‌كانی میتی توركیا ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوونه‌ كه‌ له‌ گه‌یاندنی هه‌واڵه‌كانیان كێبڕكێی یه‌كتری ده‌كه‌ن، زۆر جاریش ئه‌وانه‌ بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت هه‌واڵی نادروست ده‌ده‌ن و له‌ ئه‌نجامیش تا ئێستا خه‌ڵكێكی زۆری مه‌ده‌نی و بێ گوناهی باشور بونه‌ته‌ قوربانی. لێره‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك پێویسته‌، ئایا بۆچی ده‌بێ سیخوڕه‌كانی میت و وڵاتانی تریش ته‌ڕاتێنی بكه‌ن و كه‌س له‌ گوڵ گرانتریان پێ نه‌ڵێ، كه‌چی به‌بیانوی هاوكاری كردنی په‌كه‌كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك بگیرێ؟

ئارێز عبدالله

1/10/2019 16:10:00