هاوردەكردنی هەنار قەدەغە دەكرێت

بەبڕیاری وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەپێناو بەرژەوەندی جوتیاران و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، تاكاتێكی نادیار هاوردەكردنی بەروبومی هەنار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە قەدەغەكرا. 

بەگوێرەی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم كە وێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووەو بەئیمزای بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەرچووە، تیایدا هاتووە: بەپشتبەستن بەیاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵ ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٠٨) و پاڵپشتن بەنوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٦٥٤٧) لە (٢٢-١٠-٢٠١٤) تایبەت بەپاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، لەئەمڕۆوە ۱۰ی ئەیلولی 2019، بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و هاوردەكردنی بەروبومی هەنار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە دەكرێت.

دەشڵێت: بڕیارەكە بۆ ماوەیەكی نادیار كاری پێدەكرێت تا ئەوكاتەی بەروبوومی ناوخۆیی ساغ دەكرێتەوەو دەگاتە ئاستێك كە پێویستی بازەڕە ناوخۆییەكان پڕناكاتەوە، یان نرخ بەجۆریك بەرز ببێتەوە كە بەرژەوەندی بەكاربەرانی تێدا پارێزراو نەبێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو: ئەم بڕیارەش هەنگاوێكی تری وەزارەتی كشتوكاڵە بە ئاراستەی پاراستنی بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆیی و رێگریكردن لە زەرەرمەندبوونی جوتیارانی كوردستان.

پێشتریش وەزیری كشتوكاڵ، بەبڕیارێكی تر هاوردەكردنی تەماتەی قەدەغە كردو تا ئاستێك بووە مایەی قازانجكردنی جووتیاران و دەربازكردنیان لەكێشەی نەبوونی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان.

PUKmedia تایبەت 

 

 

 

10/9/2019 22:04:00