‎ كۆسرەت رەسوڵ: بەدەستهێنانی مافی كورد هەوڵی هەموانی دەوێت

‎كۆسرەت رەسوڵ عەلی رایگەیاند یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان باشترین فاكتەرە بۆ زاڵبوون بەسەر تەنگژەكان و كۆتایی هێنان بەقەیرانەكان.

‎ئەم وتانەی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ 8ی ئەیلولی 2019  لەشاری سلێمانی لەمیانی پێشوازیكردنی لە محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان هات.

‎لە دیدارێكدا كە هەریەك لە حاكم قادر حەمەجان، شێخ جەعفەر مستەفا و شۆڕش ئیسماعیل ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی ئامادەی بوون، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكە تاوتوێكرا.

‎لەبەشێكی تری دیدارەكەدا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و سكرتێری حزبی سۆشیالیست گفتوگۆیان كرد لەبارەی دۆخی كوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە پەیوەندییەكی تەندروست و پتەو لەنێوان لایەنە سیاسییەكان هەبێ و هەموو لایەنەكان بەیەكەوە هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد لە عیراق و ناوچەكە.

‎بەشێكی تری دیدارەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەردوولا هاوڕابوون كە گفتوگۆكانی نێوانیان بەردەوام بێ و چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە.

PUKmedia راگەیاندنی جێگری سكرتێری گشتی 

8/9/2019 20:06:00